ئەپڵ 1, ئازار 2020

ئەپڵ ڕێگە بە ڕۆڵگێڕە خراپەکارەکان نادات لە فیلمەکاندا ئایفۆنەکان بەکاربهێنن

شتێکی سەیر نییە کاتێک فیلمێک دەبینیت کە ڕۆڵگێڕێک یاخود زۆرینەی ڕۆڵگێڕەکانی نێوی، مۆبایلەکانی ئایفۆنی ئەپڵ بەکاردەهێنن. دەرهێنەرێک مەرجێکی سەیر و ئاشکرا نەکراوی ئەپڵی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئایفۆن لە فیلمەکاندا ئاشکرا کرد.

لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ گۆڤاری ئەمریکی Vanity Fair، بەڕێز Rian Johnson، دەرهێنەری فیلمەکانی Knives Out و The Last Jedi ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای ئەپڵ مەرجێکی هەیە بۆ بەکارهێنانی ئایفۆنەکان لە فیلمەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕۆڵگێڕانەی ڕۆڵی کەسێکی خراپەکار دەگێڕن، بۆیان نییە مۆبایلەکە لە دیمەنەکانی نێو فیلمەکاندا بەکاربهێنن. لە خوارەوە بینەری چاوپێککەوتنەکەی ببە.

کۆمپانیای ئەپڵ ڕێگەت پێ دەدات مۆبایلی ئایفۆن لە فیلمەکاندا بەکاربهێنیت، بەڵام ڕۆڵگێڕە خراپەکارەکان بۆیان نییە مۆبایلەکە لە فیلمەکاندا بەکاربهێنن – ئەمەت بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەگەر سەیری فیلمێکی ئاڵۆز و پڕ لە نهێنی بکەیت.

-دەرهێنەر Rian Johnson.

ئەمە چاوپێکەوتنەکەی Rian Johnson ـە، هیچ *سپوێڵێک سەبارەت بە فیلمی Knives Out لەخۆ ناگرێت:

هەروەها دەرهێنەرەکە بە پێکەنینەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە درکاندنی ئەم زانیارییەی، ببێتە هۆکاری *سپوێڵ کردنی فیلمەکان لە بینەران بەوەی کە یەکسەر ڕۆڵگێڕە خراپەکار و چاکەرانیان بۆ دەربکەوێت. لە ڕاستیدا، درکاندنی ئەم زانیارییە بۆ فیلمێکی هاوشێوەی Knives Out، گرنگی هەیە، لەبەر ئەوەی هەموو ڕۆڵگێڕەکانی نێو فیلمەکە بە کوشتنی ڕۆماننوس Harlan Thrombey تۆمەتبار دەکرێن.

بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگۆ دەربارەی ئەوە هەبوو کە گوایە ئەپڵ چۆن کۆنتڕۆڵی نیشاندانی بەرهەمەکانی کردووە لە نێو فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکاندا. بە پێی پێگەی MacRumors بێت، یەکێک لە مەرجەکانی ئەپڵ بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی لە نێو فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکاندا، ئەوەیە کە دەبێت بە باشترین شێواز بەکاربهێندرێن کە باشی بەرهەمەکانی ئەپڵ نیشان بدات و بە لۆگۆی ئەپڵەوە نیشان بدرێن.

ئەم کۆنتڕۆڵکردنەی ئەپڵ، بۆ ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕاپۆرتێکی پێگەی Wired لە ساڵی 2002 ـدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سەرجەم ڕۆڵگێڕە چاکەکارەکانی زنجیرەی 24 کۆمپیوتەرەکانی Mac ـیان بەکاردەهێنا، لە کاتێکدا کە ڕۆڵگێڕە خراپەکارەکانی نێو زنجیرەکە کۆمپیوتەرەکانی Windows ـیان بەکاردەهێنا.

*سپوێڵ: دەستەواژەیەکە بۆ ئەو کاتانە بەکاردێت کە ڕووداوەکان (بە تایبەتی ڕووداوی نێو فیلم و زنجیرەکان) بۆ کەسێک ئاشکرا دەکەیت کە پێشووتر بینەری نەبووبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ