ئەپ و نەرمەکاڵا 18, نیسان 2020

مایکرۆسۆفت ئەپی گەڕانی هاوشێوەی Spotlight ـی macOS بۆ Windows 10 زیاد دەکات

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە پلانیدایە تاوەکو ئەپێکی نوێی تایبەت بە گەڕانی ناوخۆیی هاوشێوەی Spotlight ـی macOS بۆ Windows 10 زیاد بکات.

ئەپە نوێیەکە ناوی Windows PowerToy دەبێت، ڕێگەت پێدەدات لە ڕێگەی کرتە کردن لە دوگمەکانی Win + R ـی سەر تەختەکلیل ئەپەکە بکەیتەوە و دەست بە گەڕانی ئەپ و پەڕگە و بوخچەکانی ناو ئامێرەکە بکەیت، هەر وەک تایبەتمەندی Spotlight، کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە وەشانەکانی macOS ـی کۆمپیوتەرەکانی ئەپڵدا بوونی هەیە.

بۆ زۆرینەی بەکارهێنەرانی Windows 10، ڕەنگە هەبوون و نەبوونی ئەم ئەپە وەک یەک وابێت، چونکە ئەنجامدانی گەڕانەکان لە لیستی دەستپێک (Start menu) بەسە بۆ بەدەستخستنی ئەنجامێکی سەرکەوتووی گەڕان. بەڵام بێگومان ئەم ئەپە نوێیە بەهێزە و دەکرێت لە داهاتوودا بە شێوەی بنەڕەتی لە سیستەمەکەدا جێگیر بکرێت.

لە ئێستادا قەدبڕی Win + R ـی سەر تەختەکلیل بۆ کردنەوەی ئەپی CMD بەکاردێت، بەڵام لەگەڵ بەردەستکردن و داگرتنی ئەپی Windows PowerToy، ئەم قەدبڕە تایبەت دەبێت بۆ کردنەوەی ئەپەکە. وە ئەپەکە پشتگیری لە سەرجەم کۆدەکانی CMD دەکات.

وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بەردەست بکرێت.

وا دیارە مایکرۆسۆفت سەرقاڵی دۆزینەوەی ناوێکی شیاوترە بۆ ئەپەکە لە جێگەی Windows PowerToy. باوەڕناکەم پێشووتر هەرگیز ئەمەت بیستبێت، بەڵام سیستەمی Windows 95 ـی ساڵی 1995 خاوەن ئەپێک بوو بە ناوی PowerToys تایبەت بە ئەندازیاران بۆ تاقیکردنەوەی نموونەکانیان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ