گووگڵ 6, ئازار 2020

لەمەودوا Google Stadia پشتگیری لە کارپێکردنی یارییەکان بە ڕوونی 4K دەکات لە وێبدا

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی 9to5Google بێت، گووگڵ دەستی کردووە بە بەردەستکردنی بژاردەی ڕوونی 4K بۆ کارپێکردنی یارییەکان لە وێبدا.

پێگەکە ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک بەکارهێنەرانی سەکۆکە لە Reddit تێبینی زیادبوونی بژاردەی ڕوونی 4K ـیان بۆ کارپێکردنی یارییەکانی وەک Assassin’s Creed Odyssey و Mortal Kombat 11 و Grid لە وێبدا کردووە. بەڵام وا دەرناکەوێت کە بژاردەکە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی سەکۆکە زیاد کرابێت، چونکە پێگەی The Verge دەڵێت بژاردەکە بۆ هیچکام لە 3 هەژمارەکانیان لە سەکۆکە زیاد نەبووە.

ئەگەر بەکارهێنەری Google Stadia ـیت لە وێب، کرتە لە دوگمەی Shift و Tab لەسەر تەختەکلیل بکە هەرکات یارییەکە کرایەوە، ئەوکات تێبینی زیادبوونی نووسینی 4K دەکەیت لە بەشی جۆرایەتی دیمەنەکان.

ڕوون نییە کە چۆن گووگڵ توانای کارپێکردنی یارییەکانی نێو سەکۆکەی هەیە لە وێب لەسەر ڕوونما 1080 یاخود 1440 پێکسڵییەکان. بەڵام ئەگەر ڕوونمایەکی 4K بۆ کارپێکردنی ئەوە پێویست بکات، ئەوا زۆرێک لە بەکارهێنەران بێبەش دەبن لەو تایبەتمەندییە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ