مایکرۆسۆفت 16, ئازار 2020

مایکرۆسۆفت نەخشەیەکی نوێی تایبەت بە ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا درووستکرد

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نەخشەیەکی نوێی تایبەت بە ئامارەکانی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵپەڕی Bing ـی خۆی درووستکرد.

نەخشەکەی مایکرۆسۆفت کۆی گشتی توشبووان، مردووان، چاکبووەکان و حاڵەتە چالاکەکان بە پێی وڵاتان نیشان دەدات. هەروەها لەسەر نەخشەکە بازنەی سوور لەسەر ئەو ناوچانە دیاری دەکرێت کە توشبوویان هەیە و بە کرتە کردن لێی دەتوانرێت ئاماری ناوچەکە ببیندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەواڵ و ڤیدیۆی تایبەت بە ناوچەکان لە ڕێگەی کرتە کردن لە بازنە سوورەکانی سەر نەخشەکە ببیندرێن.

مایکرۆسۆفت دەڵێت نەخشەکە زانیارییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی (WHO)، ناوەندی کۆنتڕۆڵ کردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، ناوەندی کۆنتڕۆڵ کردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەوروپا ECDC و ویکیپیدیا وەردەگرێت. نەخشەکە ڕێکەوتی نوێکردنەوەی زانیارییەکان نیشان نادات، بەڵام بڵاوکراوەکانی ناوی ئاشکرای دەکەن  کە هەر کاتژمێر جارێک زانیارییەکانی نوێ دەبنەوە.

مایکرۆسۆفت تاکە کۆمپانیای تەکنەلۆژی نییە کە لە هەوڵی دابینکردنی سەرچاوەیەکی تەندرووستی لەو شێوەیە بوو بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، گووگڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوتی کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە زانیارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم هەفتەیەدا بەردەست دەکەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ