ئەپڵ 17, ئازار 2020

دەنگۆ: ئەپڵ ئایفۆنێکی ئاست مامناوەند بە قەبارەی 5.5 ئینج بەردەست دەکات

ڕاپۆرتێکی نوێی پێگەی 9to5Mac ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیای ئەپڵ لە پلانیدا هەیە تاوەکو ئایفۆنێکی ئاست مامناوەند بە قەبارەی 5.5 ئینج بەردەست بکات.

پێشتر بۆ چەند جارێک دەنگۆ هەبوو کە گوایە ئەپڵ ئایفۆنێکی قەبارە 4.7 ئینجی بە ڕوونمای جۆری LCD و دیزاینی هاوشێوەی iPhone 8 ـەوە بەردەست دەکات، بەڵام ئەمە بۆ یەکەمجارە دەنگۆیەک باس لە بەردەستکردنی ئایفۆنێکی قەبارە 5.5 ئینج لە لایەن ئەپڵەوە دەکات.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئایفۆنە نوێیەکە لە جۆری ئاست مامناوەند دەبێت و قەبارەی 5.5 ئینج دەبێت، دیزاینی هاوشێوەی iPhone 8 و iPhone 8 Plus دەبێت و لە پێشەوە خاوەن دوگمەی هۆم دەبێت، بەمەش مۆبایلەکە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری Touch ID دەبێت لە جیاتی هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی Face ID.

هەروەها ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن تایبەتمەندی Apple Pay Express Transit دەبێت، کە لە ڕێگەی نزیککردنەوەی مۆبایلەکە بۆ تێرمیناڵەکانی گواستنەوە، دەتوانیت پارەی هاتوچۆکەت بدەیت. وە خاوەن تایبەتمەندییەکی نوێ دەبێت بۆ خوێندنەوەی کارتە NFC ـەکان بە بێ کردنەوەی هیچ ئەپێک، کە ئەم تایبەتمەندییە لە مۆبایلی iPhone XS و نوێتردا بوونی هەیە.

بە پێی پێشبینیکەری بەناوبانگی Ming-Chi Kuo بێت، ئایفۆنە 4.7 ئینجییە نوێیەکەی ئەپڵ نرخی 399$ دەبێت بە هەبوونی بیرگەی 64 گێگابایت یاخود 128 گێگابایت، بەڵام نازاندرێت نرخی ئەم ئایفۆنە 5.5 ئینجییە چەند دەبێت، ڕەنگە ئەمە جۆری Plus ـی ئایفۆنە 4.7 ئینجییەکە ببێت و نرخی 100$ زیاتر بێت.

پێشبینی دەکرێت ئەم ئایفۆنە نوێیە لە ساتەوەختێکی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ