ئەپڵ 26, ئازار 2020

دەنگۆ: ئەپڵ بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بۆ چەند مانگێک دوادەخات

هەموو ساڵێک، ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکان لە مانگی ئەیلولدا نمایش دەکات و هەر لەو مانگەشدا بەردەستیان دەکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ هەموو شت جیاوازە و ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچی نەهێشتۆتەوە تاوەکو تێکی بدات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Nikkei بێت، کە بە شێوەیەکی نادیار زانیارییەکان لە ئەپڵ وەردەگرێت، ڕایگەیاندووە کە ئەگەر زۆرە ئەپڵ بەردەستکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بۆ تاوەکو 1 یان 2 مانگ دوابخات بە هۆکاری ئەوەی کە ڕەنگە کۆمپانیاکە لە قەیرانی کەمی پارچەکاندا بمێنێتەوە.

هۆکارێکی دیکە بۆ ئەمە، ئەوەیە ئەپڵ دەترسێت لەوەی کە خەڵک ئایفۆنە نوێیەکان نەکڕن لە ناوجەرگەی ئەم دۆخە مەترسیدارەدا، هەروەها نایەوێت بێئومێد بێت لە فرۆشی یەکەمین ئایفۆنی پشتگیر لە نەوەی پێنجەمی 5G، کە وا بڕیارە ئەمساڵ ڕایبگەیەنێت.

مۆبایلی ئایفۆن گرنگترین ئامێری کۆمپانیای ئەپڵە و سەرچاوەی یەکەمی پەیداکردنی داهاتە بۆ کۆمپانیاکە، وا دیارە ئەپڵ نایەوێت هەڵەی کۆمپانیاکانی دیکە دووبارە بکاتەوە و لەم ساتە هەستیارەدا بەرهەمێک بەردەست بکات کە خەڵک توانای کڕینی نەبێت.

ئەمساڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێکی زۆری پیشەسازی لە چین و جیهان لەکارخست و وایکرد کە کۆمپانیاکان نەتوانن پارچە و پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

بە هەرحاڵ، تەنانەت ئەگەر بەردەستکردنی بەرهەمەکان بۆ چەند مانگێکیش دوابخرێن، هەر دەبێت ڕۆژێک بیانبینین کە بەردەست بکرێن.

سەرچاوە CNET
بۆچونی تۆ