ئاسایشی ئەلیکترۆنی 29, ئازار 2020

ئەپی Zoom بۆ iOS نوێکرایەوە و چیدیکە زانیاری بەکارهێنەران لەگەڵ Facebook هاوبەشی پێ ناکات

دوێنێ ئەپی Zoom ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندی و کۆنگرە ڤیدیۆییەکان بۆ iOS نوێکرایەوە و تێیدا گرنگترین گۆڕانکاری لە ئەپەکەدا ئەنجامدرا، ئەویش لابردنی ئامرازی گەشەپێدان (SDK) ـی فەیسبووک بوو.

پێشتر ئەپی Zoom زانیارییەکانی وەک کاتی ناوچە و شار و چەند زانیارییەکی دیکەی بەکارهێنەرانی لەگەڵ کۆمپانیای فەیسبووکدا هاوبەشی پێ دەکرد، تەنانەت ئەگەر بەکارهێنەر بە بژاردەی “Sign in with Facebook” ـیش داخڵی ئەپەکە نەبووبایە. ئەم کردارە بەشێک نەبوو لە یاسا و ڕێساکانی ئەپی Zoom، هەر بۆیە درووستکەرانی ئەپەکە درکیان بەمە کرد و سەرجەم کۆدەکانی ئامرازی گەشەپێدانی فەیسبووکیان لە ئەپەکەیان سڕییەوە.

بەمەش چیدیکە ئەپەکە هیچکام لە زانیارییەکانی بەکارهێنەران لەگەڵ فەیسبووکدا هاوبەشی پێ ناکات. هەروەها بەڕێز Eric S. Yuan، بەڕێوەبەری کۆمپانیای Zoom ئاشکرای کرد کە لە ڕێکەوتی 25 ـی ئەم مانگەوە درکیان بەوە کردووە کە ئامرازی گەشەپێدانی فەیسبووک زانیارییە ناپێویستەکانی بەکارهێنەران کۆ دەکاتەوە.

هەروەها Zoom ڕایگەیاند هیچکام لە زانیارییە گرنگ و هەستیارەکانی بەکارهێنەران لەگەڵ فەیسبووکدا هاوبەشی پێ نەکراوە، وە داوای لێبووردنی لە بەکارهێنەران کرد سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو ئامرازە لە ڕابردوودا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ