سامسۆنگ 8, نیسان 2020

نەوەی دووەمی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold لە ڕێگایە

لە دوای چەند جارێک دواخستن بە هۆی هەبوونی چەند کێشەیەک لە ڕوونماکەی، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـی بەردەستکرد. ئێستا دەنگۆکان دەڵێن کە نەوەی دووەمی مۆبایلە چەماوەییەکە لە ڕێگایە.

کاتێک کە نەوەی یەکەمی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بە بیرگەی 512 گێگابایت و نرخی 1,980$ ـەوە بەردەستکرا، ڕاپۆرتێکی پێگەی SamMobile دەڵێت نەوەی دووەمی مۆبایلە چەماوەییەکە خاوەن بیرگەی 256 گێگابایت دەبێت و نرخیشی کەمتر دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری 1,400$ یان کەمتردا بێت.

پێشبینی دەکرێت Galaxy Fold 2 خاوەن ڕوونمایەک بێت بە قەبارەی گەورەتر و 4.6 ئینج لە کاتی داخستنەوە و 7.7 ئینج لە کاتی کردنەوە. وە هەروەها دەگوترێت ڕوونماکەی لە جۆری Infinity-O دەبێت، مانای وایە کە کامێراکانی پێشەوەی لە ژێر ڕوونما و لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماکەیدا جێگیر دەکرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، قەڵەمی S Pen پشتگیری لە مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکە دەکات و کامێراکانی پشتەوەی باشتر دەکرێن. هەرچی دەربارەی ناوەوەیەتی، خاوەن پڕۆسێسەری نوێ دەبێت و دەگوترێت جۆری پشتگیر لە 4G و 5G ـیشی لێ بەردەست دەکرێت.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold 2 لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ و لەگەڵ مۆبایلی نوێی Galaxy Note 20 لە مانگی ئابدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە SamMobile
بۆچونی تۆ