ئەپ و نەرمەکاڵا 10, نیسان 2020

چۆنیەتی پاراستنی پڕۆفایلەکانی Netflix بە تێپەڕەوشەی PIN

ڕەنگە ئەگەر هەژماری خزمەتگوزاری Netflix ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرەکان هەبێت یاخود هەبووبێت، نیگەران بووبیت لە کردنەوەی پڕۆفایلەکەت لە لایەن ئەو کەسانەی دیکەی کە هەژمارەکەتیان لە لا هەیە. خۆشحاڵانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا Netflix بژاردەی قفڵکردنی پڕۆفایلەکانی تۆڕەکەی لە ڕێگەی ژمارەکانی PIN ـەوە بەردەستکرد تاوەکو بەکارهێنەرانی دیکەی هەمان هەژمار توانای کردنەوەی پڕۆفایلەکانی یەکدییان نەبێت.

تەنانەت ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی قفڵکردنی پڕۆفایلەکانی تۆڕەکە بۆ منداڵانیش بەسوودە، تاوەکو بە دوور ببن لە کردنەوەی هەژمارەکەت و بینینی دیمەنە 18+ ـەکانی نێو فیلم و زنجیرەکانی نێو تۆڕەکە، لە کاتێکدا کە هەژماری تایبەت بە منداڵان هەیە لە Netflix ـدا.

چۆنیەتی پاراستنی پڕۆفایلەکانی Netflix بە تێپەڕەوشەی PIN:

  • کردنەوەی Netflix و داخڵ کردنی هەژمارەکەت (ڕێکخستنەکانی Netflix ناتوانرێت لە ئەپی Netflix لە مۆبایلەوە دەستکاری بکرێن).
  • کرتە کردن لە وێنەی هەژمارەکەت لە دەستە ڕاستی سەرەوە، لە پاشان کرتە کردن لە “Account”.
  • بڕۆ خوارەوە تاوەکو بەشی “Profile & Parental Controls” دەدۆزیتەوە، لە پاشان کرتە لە “Change” بکە لە ئاستی بەشی “Profile Lock”.
  • داوای تێپەڕەوشەی هەژمارەکەت لێدەکات، بینووسە. لە پاشان، داوات لێ دەکات تێپەڕەوشەی PIN بۆ پڕۆفایلەکەت دابنێیت، پێویستە چوارگۆشەکەی یەکەم دیاری بکەیت و تێپەڕەوشەکە بنووسیت (دەتوانیت چوارگۆشەکەی دووەم دیاری بکەیت بۆ داواکردنی PIN لە کاتی درووستکردنی پڕۆفایلێکی نوێ).
  • سەرکەوتوو بوو! ئێستا بۆ تاقیکردنەوە، بڕۆرەوە پەڕەی پڕۆفایلەکانی تۆڕەکە و کرتە لە پڕۆفایلەکەت بکە. وەک دەبینیت، ئێستا داوای تێپەڕەوشەت لێ دەکات بۆ کردنەوە.

بۆچونی تۆ