سامسۆنگ 12, نیسان 2020

سامسۆنگ بە یەکجاری کۆتایی بە یاریدەدەری دەنگی S Voice لە مۆبایلەکانی Galaxy S ـدا دەهێنێت

لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای سامسۆنگ بە یەکجاری کۆتایی بە یاریدەدەری دەنگی S Voice ـی نێو مۆبایلەکانی Galaxy S دەهێنێت و بە تەواوی نایهێڵێت.

لە پەڕەی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی خۆی، سامسۆنگ ڕایگەیاندووە لە ڕێکەوتی 1 ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تەواوی یاریدەدەری دەنگی S Voice ـی نێو مۆبایلەکانی Galaxy S ناچالاک دەکات و کۆتایی پێ دەهێنێت، بەمەش تایبەتمەندییەکە چیدیکە لەو ئامێرانەی سامسۆنگدا کار ناکات کە خاوەنین.

بەردەستکردنی یاریدەدەری دەنگی S Voice، یەکەم هەوڵی سامسۆنگ بوو بۆ درووستکردنی یاریدەدەرێکی دەنگی و لە ساڵی 2012 ـەدا و لەگەڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلی Galaxy S III ـدا بۆ مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی دیکەی خۆی ڕاگەیاند. بەڵام لە ڕاستیدا، یاریدەدەرە دەنگییەکە زۆر خاو و پڕکێشە بوو، ئامانجی سامسۆنگیش ئەوە بوو تاوەکو لە یاریدەدەری دەنگی Siri ـی ئامێرەکانی ئەپڵ باشتری بکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەیتوانی بیگەیەنێتە ئاستی Siri ـی ئەپڵ.

بە پێی پێگەی 9To5Google بێت، یاریدەدەری دەنگی S Voice توانای درووستکردنی بیرخەرەوەکان و ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی و هەندێک کرداری دیکەی هەبوو، بەڵام توانای ئەوەی نەبوو وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی ئەنجام بدایە وەکو Siri و Google Assistant.

بەڵام هەر زوو سامسۆنگ بە بەردەستکردنی یاریدەدەری دەنگی Bixby لەگەڵ Galaxy S8، جێگەی S Voice ـی پڕکردەوە و ئەمەیان زۆر باشترە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەڵسەنگێنەران لێی ڕازی نین.

هەرچی دەربارەی کاتژمێرە زیرەکەکانی Gear S3 و Gear Sport ـە کە هێشتا خاوەن یاریدەدەری دەنگی S Voice ـن، لە ڕێگەی نوێکارییەکەوە سامسۆنگ بە Bixby جێگەی S Voice دەگرێتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ