مۆبایل و تابلێت
14, نیسان 2020
ئەمڕۆ زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 نمایش دەکرێن

ئەمڕۆ کۆتایی بە دەنگۆ و دزەپێکراوە دوور و درێژەکان دێن و لە کۆتایدا زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 نمایش دەکرێن.
لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای OnePlus ئاشکرای کرد کە لە ئەمڕۆدا، 14 ـی نیسان، لە کاتژمێر 6:00 ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە ڕێگەی پەخشێکی ڕاستەوخۆوە لە کەناڵی یوتیوب و ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە، زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 نمایش دەکات.
هەوادارانی OnePlus بە تامەزرۆوە چاوەڕێی زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 ـن، چونکە بۆ یەکەمجار پشتگیری لە بارگاویکردنی بێوایەر دەکەن و خاوەن بڕوانامەی IP68 دەبن بۆ بەرگری لە بەرانبەر ئاو و تۆز، کە تاوەکو ئێستا هیچکام لە مۆبایلەکانی کۆمپانیاکە خاوەن ئەو دوو تایبەتمەندییە نەبوون.
دەگوترێت مۆبایلەکانی OnePlus 8 خاوەن ڕوونمایەک دەبن بە قەبارەی 6.55 ئینج بە ڕوونی +FHD و بە خێرایی 90 گێگاهێرتز، لە ژێر ڕوونماکەیاندا خاوەن چاڵ دەبن و کامێرایەکی 16 مێگاپێکسڵی لەسەر جێگیر دەکرێت.
لە پشتەوە، OnePlus 8 خاوەن 3 کامێرا دەبێت بە ڕوونییەکانی 48 و 8 و 5 مێگاپێکسڵ، OnePlus 8 Pro خاوەن کامێرایەکی زیاتر دەبێت بە ڕوونی 48 مێگاپێکسڵ.
لە ناوەوە، سەرجەم مۆبایلەکان پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 5G ـیان لەسەر جێگیر دەبن و پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن، وە خاوەن ڕامی 8 و 12 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 128 و 256 گێگابایت و پاتری (4,300 ملی ئەمپێر بۆ OnePlus 8 و 4,500 ملی ئەمپێر بۆ OnePlus 8 Pro) دەبن.
ڕێندەری دزەپێکراوی OnePlus 8:

ڕێندەری دزەپێکراوی OnePlus 8 Pro:

چۆنیەتی سەیرکردنی پەخشە ڕاستەوخۆیەکەی نمایشکردنی مۆبایلەکان:
ئەم ئێوارەیە کەی ئای تی ئێنیش کۆنگرەکەتان بە زمانی کوردی و لە ڕێگەی پۆستەوە لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆیەوە بۆ دەگوازێتەوە، چاوەڕوان بن!
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.