سۆنی
17, نیسان 2020
دەنگۆ: کۆمپانیای Sony ژمارەیەکی کەم لە PlayStation 5 بەردەست دەکات و نرخیشی بەرز دەبێت

ئەم هاوینە، هەردوو سەکۆیەکانی PlayStation 5 و Xbox Series X بەردەست دەکرێن و ساڵ ساڵی گەیمەران دەبێت. بەڵام ڕەنگە هەوادارانی PlayStation 5 کێشەیان بۆ درووست ببێت.
پێگەی Bloomberg دەڵێت کۆمپانیای Sony ژمارەیەکی دیاریکراوی کەم لە PlayStation 5 بەرهەم دەهێنێت، بە شێوەیەک کە کۆمپانیاکە تاوەکو ئاداری ساڵی داهاتوو تەنها 5 بۆ 6 ملیۆن دانە لە سەکۆیەکە دەخاتە بازاڕەکانەوە، ئەمەش دەستکەوتنی قورستر دەکات. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوبەشە بەرهەمهێنەرەکانی Sony تەنها توانای بەرهەمهێنانی ئەو ژمارە یەکەیەیان هەیە لە سەکۆیەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کاتێک کە Sony لە ساڵی 2013 سەکۆی PlayStation 4 ـی ڕاگەیاند، تەنها لە دوو چارەکی یەکەمدا 7.5 ملیۆن یەکەی لێ بەردەستکرا و فرۆشرا.
هەر ئەم کێشەیە نا، بەڵکو Bloomberg دەڵێت کۆمپانیای Sony کێشەی لەگەڵ نرخی سەکۆیەکە هەیە و لە هەوڵدایە تاوەکو نرخێکی بۆ دیاری بکات. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە نرخی پارچەکانی PlayStation 5 گرانن و تایبەتمەندییەکانی سەکۆیەکە بەرزە، ڕەنگە نرخی لە PlayStation 4 بەرزتر بێت و لە نێوان 500$ بۆ 550$ ـدا بێت.
بێگومان ئەگەر نرخی سەکۆیەکە ئەو بڕە بێت، کێشە بۆ فرۆشی سەکۆیەکە درووست دەکات و ڕەنگە ڕەخنەیەکی زۆری لێ بگیرێت، هەر وەک ساڵی 2006 کاتێک سەکۆی PlayStation 3 ـی بە نرخی دەستپێکی 400$ بەردەستکرد.
تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی بەردەستکردنی سەکۆیەکە دیاری نەکراوە، بەڵام Sony لە ماوەی ڕابردوودا تایبەتمەندییەکانی ئاشکراکرد.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.