ئامێرە هەمەجۆرەکان 18, ئازار 2020

سۆنی تەواوی تایبەتمەندییەکانی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا کرد

هەر وەک بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ Sony تایبەتمەندییەکانی سەکۆی PlayStation 5 ـی ناسراو بە PS5 ئاشکرا بکات، ئەمە ڕوویدا و کۆمپانیاکە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی سەکۆیەکەی ئاشکرا کرد.

بە پێی کۆمپانیای Sony بێت، سەکۆی نوێی PS5 خاوەن پڕۆسێسەری 8 ناوەکی جۆری AMD Zen 2 دەبێت بە خێرایی تاوەکو 3.5 گێگاهێرتز. گرافیکەکەی لە جۆری AMD RDNA 2 دەبێت بە هەبوونی 10.28 تێرافلۆپ و 36 یەکەی ئەنجامدەر بە خێرایی تاوەکو 2.23 گێگاهێرتز. خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری GDDR6 و بیرگەیەکی ناوەکی بە فراوانی 825 گێگابایت لە جۆری SSD.

گۆڕینی بیرگەکەی بۆ جۆری SSD دیارترین و گرنگترین گۆڕانکارییەکانی سەکۆیەکەیە، لە چەند مانگی ڕابردوودا Sony توانای ئەم بیرگەیەی بۆ کردنەوەی یارییەکان لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە ئاشکرا کرد:

کۆمپانیای Sony دەڵێت سەکۆی PS4 پێویستی بە 20 چرکە بوو بۆ بارکردنی زانیارییەکی 1 گێگابایتی، بەڵام PS5 ـی نوێ توانای دەبێت 5 گێگابایت تەنها لە 1 چرکەدا بار بکات.

بیرگە SSD ـییەکەی PS5 سنووردار نییە و دەتوانرێت بیرگەکەی بگۆڕدرێت بۆ فراوانتر و پشتگیری لە USB ـیش دەکات. هاوکات سەکۆیەکە پشتگیری لە کارپێکردنی 4K Blu-ray و سیدی (CD) ـییەکان دەکات.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سەکۆیەکە، کارکردنی پڕۆسێسەر و کارتی گرافیکەکەیەتی بە تێکڕای جیاواز؛ بەو مانایەی ئەگەر پڕۆسێسەرەکەی وزەیەکی کەم بەکارببات، ئەوا سەرجەم وزە بەکارنەهاتووەکانی دەدات بە کارتی گرافیکەکەی تاوەکو سەکۆیەکە بگات بە بەرزترین ئاستی خێرایی. ئەمەش مانای وایە ئەو یارییانەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بۆ سەکۆ نوێیەکە بەردەست دەکرێن، ئەستەمە توانای بەرزترین ئاستی پڕۆسێسەرە 3.5 هێرتزی و کارتە گرافیکە 2.23 هێرتزییەکەی بەکاربهێنن و ببنە هۆکاری کەمکردنەوەی توانستی سەکۆیەکە.

وەکو بەراوردکردنێکی خێرا، دوێنێ مایکرۆسۆفت تایبەتمەندییەکانی سەکۆی Xbox Series X ـی ئاشکراکرد؛ سەکۆیەکە لە هەندێک ژمارەدا توانیویەتی PS5 ببەزێنێت، بۆ نموونە خێرایی پڕۆسێسەرە 8 ناوەکییەکەی Xbox Series X خێرایی 3.8 هێرتزە و کارتی گرافیکەکەی خاوەن 12 تێرافلۆپ و 52 یەکەی ئەنجامدەرە بە خێرایی 1.825 گێگاهێرتز، لە پاڵ ئەوەی فراوانی ڕامەکەی 16 گێگابایتە لە جۆری GDDR6 و بیرگەکەشی فراوانی 1 تێرابایتە لە جۆری SSD.

کۆمپانیای Sony پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەکۆی PS5 پشتگیری لە کارپێکردنی یارییەکان بە ڕوونی 4K بە خێرایی 120 هێرتز و 8K دەکات، دەگوترێت کۆمپانیاکە لە پلانیدایە تاوەکو تایبەتمەندی “3D audio” بۆ باشکردنی جۆرایەتی دەنگی سەکۆیەکە زیاد بکات، لە پاڵ زیادکردنی بژاردەیەکی نوێی وزە بۆ کەم بە فیڕۆدانی وزە.

هەرچی دەربارەی وێنە و نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردن و زانیارییەکانی دیکەی سەکۆی PS5 ـە، تاوەکو ئێستا Sony هیچی ئاشکرا نەکردووە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ