گووگڵ 19, نیسان 2020

گووگڵ کار لەسەر درووستکردنی کارتی بانکی زیرەکی هاوشێوەی Apple Card دەکات

دەنگۆ هەیە کە گوایە کۆمپانیای گووگڵ کار لەسەر درووستکردنی کارتێکی بانکی زیرەکی تایبەت بە خۆی دەکات تاوەکو یارمەتی بەکارهێنەران بدات لە ئەنجامدانی کڕینە سەرهێڵییەکانیان و چاودێریکردنی کڕینەکانیان.

ڕاپۆرتێکی پێگەی TechCrunch دەڵێت گووگڵ سەرقاڵی کارکردنە لەسەر درووستکردنی کارتێکی بانکی زیرەک و دەیەوێت بە خزمەتگوزاری Google Pay ـەوەی بلکێنێت، کە لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە تەنها کڕینە سەرهێڵییەکان و گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی زیادکردنی کارتی فیزیایی کۆمپانیاکانی دیکەوە ئەنجام دەدات.

کارتە بانکییەکەی گووگڵ ئاماری کڕینەکان بە شێوەیەکی ورد نیشان دەدات، وە هەروەها ئاماری تایبەت بۆ فرۆشیاران فەراهەم دەکات.

بە پێچەوانەی Apple Card ـی ئەپڵەوە، کە خاوەن هیچ ژمارەیەکی تایبەت و CVV نییە، ئەم کارتە بانکییەی گووگڵ لە جۆری Debit دەبێت و خاوەن کۆدی تایبەت دەبێت لەسەری، هاوشێوەی کارتە بانکییەکانی دیکە.

هەرچەندە لە ناوەڕۆکدا هیچ جیاوازییەکی وەهای نییە لەگەڵ کارتە بانکییەکانی دیکە، بەڵام لە دیزایندا هاوشێوەی Apple Card ـە، تەنانەت لە ڕەنگیشدا. کارتە بانکییەکەی گووگڵ دیزاینکراوە تاوەکو وەکو کارتێکی فیزیایی کار بکات و پشتگیری لە ‘پەنجەدان بۆ پارەدان’ بکات.

ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئەم کارتە بانکییە لە لایەن گووگڵەوە نەزاندراوە و پێدەچێت تەنها لە ئەمریکادا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ