ئامێرە هەمەجۆرەکان 15, ئه‌یلول 2020

ئەپڵ زنجیرەی شەشی لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بە خوێندنەوەی ئۆکسجینی خوێن و ڕەنگی نوێوە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کۆمپانیای ئەپڵ زنجیرەی شەشی لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بە خوێندنەوەی ئۆکسجینی ناو خوێن و ژمارەیەک ڕەنگی نوێ و نایابەوە ڕاگەیاند.

زنجیرەی شەشی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە ڕووی دیزاینەوە هاوشێوەی زنجیرەکانی پێنج و چواری پێش خۆیەتی، بەڵام خاوەن ژمارەیەک بژاردەی ڕەنگی نوێ و نایابە و لە ناوەوە تایبەتمەندییەکانی جیاوازن.

زنجیرەی شەشەم لەسەر سیستەمی watchOS 7 کار دەکات، کە لە کۆنگرەی WWDC20 ـی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڕاگەیاندرا.

ئەم زنجیرە نوێیە خاوەن هەستەوەرێکی نوێیە، کە ئۆکسجینی ناو خوێن دەخوێنێتەوە. بە شێوەیەک کار دەکات کە دەبێت 15 خولەک چاوەڕوان بیت تاوەکو ئۆکسجینی ناو خوێنت دەپشکنێت. ئەگەر ئۆکسجینی خوێن لە نێوان 95 بۆ 100% ببێت، ئەوا دۆخت ئاساییە، گەر نا ئەم هۆشیاریت دەداتێ دەربارەی دۆخی ئۆکسجینی ناو خوێنت. دەشێت ئەم تایبەتمەندییە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی COVID-19 بەکاربهێندرێت.

زنجیرەی شەشی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch خاوەن پڕۆسێسەری نوێی S6 ـە تایبەت بە زنجیرە ئامێری Apple Watch.

لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەن ڕەنگە نوێیەکانی شینی دەریایی و سوور و ئاڵتونی نوێکراوەوە و زیوییەکی نوێیە. هەروەها کاتژمێرە نوێیەکە خاوەن ژمارەیەک ڕووکاری کاتژمێری نوێیە.

هەروەها ئەپڵ لەگەڵ کاتژمێرە نوێیەکەدا، دەستبەندێکی نوێشی بۆ ڕاگەیاند کە تەواو سادەیە و وەکو ئەوانی دیکە کردنەوە و داخستنی نییە.

نرخی زنجیرەی شەشی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە 399$ ـەوە دەست پێدەکات، لە ئەمڕۆوە بەردەست دەبێت بۆ داواکاری پێشەوەختە و لە هەینییەوە لە کۆگاکانی ئەپڵ بەردەست دەکرێت بۆ کڕین.

بۆچونی تۆ