نەثینگ
22, ئازار 2023
بیستۆکی Nothing Ear (2) بە تایبەتمەندی لابەری ژاوە ژاو و زیاترەوە نمایش کرا

سەر لە ئێوارەی ئەمرۆ کۆمپانیای نەثینگ بیستۆکی Nothing Ear (2) نمایش کرد، كە سێیەم بیستۆکی کۆمپانیاکەیەو دووەم نەوەی Nothing Ear، کە یەکەم نەوەی نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا نمایش کرا.
بیستۆکەکە بەروارد بە نەوەی پێشووتری لە ڕووی دیزاینەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بە خۆوە نەبینیوە بەڵام چەند تایبەتمەندییەکی نوێ لە خۆدەگرێت. پشتگیری لە LHDC 5.0 دەکات کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت کار بە فایلی دەنگی Hi-Res بکرێت. پشتگیری لە تایبەتمەندی لابەری ژاوە ژاو (ANC) دەکات، هەروەها ئێستا بیستۆکەکە توانای هەیە بە شێوەیەکی باشتر دەنگ لەگەڵ دەنگی با لێک جیابکاتەوە لە کاتی پەیوەندییەکاندا.

پاترییەکەی بەرگەی 36 کاتژمێر دەکرێت بە بەرگەکەیەوە، دەتوانرێت لە رێگەی USB-C و بارگاوی کەرەوەی بێ تەلەوە بارگاوی بکرێتەوە بەخێرایی 2.5 وات. بەرگەکەی خاوەنی بڕوانامەی IP54 بۆ دژە ئاو و تۆز، هەرچی بیستۆکەکانە خاوەنی بڕوانامەی IP54.
نرخی بیستۆکەکە بریتی دەبێت لە 149 دۆلار و لە ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە بەردەست دەبێت بۆ کڕین.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.