گەرمترین 13, ئازار 2020

حکومەتی ئەمریکا دووبارە سەپاندنی سزاکانی بۆ سەر هواوەی بۆ 45 ڕۆژی دیکە دواخست

بۆ جارێکی دیکە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەپاندنی سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیای هواوەی بۆ ماوەی 45 ڕۆژی دیکە دواخست. ئەمە بووە چوارەم دواخستنی سزاکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا چینییەکە لەو کاتەوەی کە سزاکان ڕاگەیاندراون.

بەشی بازرگانی حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەپاندنی سزاکانیان بۆ سەر کۆمپانیای هواوەی بۆ ماوەی 45 ڕۆژی دیکە دوا دەخەن، لە کاتێکدا کە دەبوو لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی داهاتووەوە سزاکان بە تەواوەتی بچووبانایە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وادەکە بۆ 15 ـی مایس درێژ کرایەوە و لەو کاتەدا سزاکان بە تەواوەتی لەسەر کۆمپانیا چینییەکە دەسەپێندرێن.

لە مایسی پار ساڵدا، حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای هواوەی و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی چینی سزادا بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە بۆ حکومەتی چین، بەمەش چیدیکە بۆیان نەبوو مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا ئەنجام بدەن. بەڵام هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم سزایانەدا، مۆڵەتی 90 ڕۆژ درا بە هواوەی تاوەکو مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجام بدات بەر لەوەی سزاکان بسەپێندرێن. بۆ چەند جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژ کرایەوە و ئێستاش بۆ چوارەم جار ئەمە ڕوویدایەوە.

درێژکردنەوەی ئەم وادەیە، سوودی بۆ کۆمپانیا پەیوەندییەکانی ئەمریکا دەبێت تاوەکو تەکنەلۆژیا ڕایەڵەکانی هواوەی بەکاربهێنن. هەروەها بەشی بازرگانی حکومەتی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دەتوانرێت کەڵک لەم وادەیە وەربگیرێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەکانی هواوەی، هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کاتی پێویستدا پێدەچێت ئەم وادەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکەنەوە.

حکومەتی ئەمریکا لە پلانیدایە 1 ملیار دۆلار تەرخان بکات بۆ بەرهەمهێنانی پارچە جێگرەوەکانی هواوەی تاوەکو چیدیکە پێویستیان بە هواوەی نەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ