10
هەواڵ 26, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

هواوەی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X ـی ئاشکرا کرد

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای هواوەی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X ـی بە نرخی دەستپێکی 2,600$ ـەوە ڕاگەیاند. مۆبایلە چەماوەییەکە لەبەر چەند هۆکارێک ڕێکەوتی بەردەستکردنی دواخرا و تاوەکو ئێستاش بەردەست نەکراوە، بەڵام کۆمپانیاکە لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی نەوەی دووەم لە مۆبایلە چەماوەییەکە.

لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە 2 ڕۆژی ڕابردوو لە شاری Shenzhen ـی وڵاتی چین، کۆمپانیای هواوەی ڕایگەیاند کە نەوەی دووەم لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە ناوی Huawei Mate Xs لە مانگی 3 ـی ساڵی داهاتوودا نمایش دەکات. هەروەها هواوەی ئاشکرای کرد کە نەوە نوێیەکەی مۆبایلە چەماوەییەکە پڕۆسێسەری نوێی Kirin 990 ـی لەسەر جێگیر دەکرێت.

پڕۆسێسەری Kirin 990 دواین جۆری پڕۆسێسەری Kirin ـی هواوەییە و پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات و قەبارەی 7 نانۆمەترە. خاوەن هەریەکە لە ناوکە بە تواناکانی Cortex A76 و A55 ـە. مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X پڕۆسێسەری Kirin 980 ـی لەسەر جێگیرە، هەرچەندە کە چاوەڕوان دەکرا مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Kirin 990 ـەوە نوێ بکرێتەوە.

بەدەر لە جۆری پڕۆسێسەر و ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلە چەماوەییەکە، هیچ زانیارییەکی دیکە سەبارەت بە نرخ و تایبەتمەندییەکانی نەوە نوێیەکەی مۆبایلە چەماوەییەکە نازانین.

وا بڕیارە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە ڕێکەوتی 15 ـی مانگی داهاتوودا بە نرخی 2,400$ لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ