نەثینگ
11, تەممووز 2023
بە فەرمی مۆبایلی Nothing Phone (2) نمایش کرا
لە دوای ساڵێک لە نمایش کردنی یەکەمین مۆبایل لە لایەن کۆمپانیای Nothing و هێنانی زۆرترین هەواڵ و باس کردن بەدوای خۆیدا لە جیهاندا تەکنەلۆژیا و مۆبایلە زیرەکەکان، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە دووەمین نەوەی مۆبایلەکەی نمایش کرد.
مۆبایلی Nothing Phone (1)
یەکەمین نەوەی مۆبایلەکە ئاست مامناوەند بوو و بەڵام دووەمین نەوە و نەوەی نوێ و ئێستای ئاست بەرزە. کۆمپانیاکە هەر لە سەرەتاوە سەرنجی زۆرترین پێگە و ماڵپەڕە جیهانییەکانی ڕاکێشا بە دیزاینە نوێ و نایابەکانی، بۆ نەوەی دووەمی مۆبایلەکەش یەکێک لەو شتە نوێیانەی بەردەست کراوە بریتییە لە کەیبڵێکی Type-C بۆ Type-C، کە ڕوونە و کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ ماوەی دوو ساڵ کارمان لەسەر کردووە.
کەیبڵی نوێی کۆمپانیای نەسینگ
هەروەها شێوازی پێچانەوە و پاکەتی مۆبایلە نوێیەکەش وەک نەوەی پێش خۆی ناوازە و نایابە
پاکەتی Nothing Phone (2)
مۆبایلەکە ڕوونمایەکی قەبارە 6.7 ئینجی لە جۆری LTPO OLED بە ڕوونی 1080*2412 و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز لە خۆ دەگرێت. چیپسێتی Snapdragon 8+ Gen 1 لەسەر جێگیر کراوە.
کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە هاوێنەی ئاست بەرزی Sony IMX890 و پشتگیری لە تایبەتمەندی دژە لەرزین (OIS) دەکات. هەروەها کامێرای گۆشە فراوانیش بە ڕوونی 50 مێگاپێکسڵ لە خۆ دەگرێت. کامێرای سێڵفی مۆبایلەکە ڕوونی 32 مێگاپێکسڵە بە هاوینەی Sony IMX615 و پشتگیری کردن لە EIS.
مۆبایلەکە پاترییەکی قەبارە 4,700 مللی ئەمپێر/کاتژمێری هەیە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 وات بە وایەر و 15 وات بە بێتەل و 5 وات بە پێچەوانە دەکات(بەکار دێت بۆ بارگاوی کردنەوەی ئامێری زیرەکی دیکە).
هەروەها دووانە بڵندگۆی ستێریۆ لە خۆ دەگرێت و هەستەوەری پەنجەمۆری لە ژێر ڕوونمادایە، جگە لەوەش بڕوانامەی IP54 بۆ دژە پرشەی ئاو هەیە.
نرخی مۆبایلەکە لە ئەمریکا بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 599 دۆلار و بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 699 دۆلار و بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 799 دۆلار و بە هەردوو ڕەنگی ڕەش و سپی بەردەست دەبێت.
بەمزووانە لە لایەن بریکاری فەرمی کۆمپانیای Nothing لە کوردستان و عێراق کە کۆمپانیای Itlobby ـیە مۆبایلەکە بە نرخێکی گونجاو و گەرەنتی ڕاستەقینە بەردەست دەبێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.