ئامێرە هەمەجۆرەکان 28, ئەیلوول 2023

مێتا هێدسێتی Quest 3 بە تێکەڵ کردنی ڕاستی و یاری ڤیدیۆی ڕاگەیاند

 

مێتا ئەمشەو هێدسێتێکی نوێی بە ناوی Quest 3 ڕاگەیاند. هێدسێتەکە بە بازدانێکی گەورە بۆ پێشەوە لە بوارەکەی خۆیدا دادەنرێت. نەک تەنها بۆ زنجیرەی Quest، بەڵکو بۆ تەواوی داهاتووی کۆمپانیای مێتا و بوارەکە بە گشتی. هێدسێتەکە تەنها هێدسێتێکی ئاسایی VR نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ڕاستی وەک هێدسێتی Apple Vision Pro. کە مانای وایە تۆ دەتوانیت لە ڕێگەی هێدسێتەکەوە ببینیت لە ژیانی ڕاستیدا چی ڕوودەدات و کارلێکی لەگەڵ بکەیت.

نرخی هێدسێتەکە 499.99 دۆلارە و لە ئەمڕۆوە داواکاری پێشوەختە دەستپێدەکات و لە ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو دەست بە فرۆشتنی دەکرێت.

هێدسێتەکە ڕاستەوخۆ بۆ ڕکاربەری هێدسێتەکەی ئەپڵ درووست کراوە و مێتا دەڵێت خاڵی باشی ئەوەیە کە پێویستت بە هیچ وایەر و پاترییەکی یەدەگ نییە بۆ کار پێ کردنی.

چیپسێتی Snapdragon XR2 Gen 2 لەسەر جێگیر کراوە، 8 گێگابایت ڕامی هەیە، نرخی 499.99 دۆلار بۆ بیرگەی 128 گێگابایتە، بەرزترین بیرگەی 512 گێگابایتە بە نرخی 649.99 دۆلار کە هەردوو جۆرەکەی لە بنەڕەتەوە یاری Asgard Wrath 2 ـیان لەسەر جێگیر کراوە.

مێتا دەڵێت بەرگەگرتنی پاتری هێدسێتەکە هاوشێوەی نەوەی پێش خۆیەتی، واتە لە نێوان 90 خوولەک بۆ 3 کاتژمێرە بە پێی چۆنێتی بەکارهێنانی.

هاوێنەکانی باشترینی مێتان، ڕوونمایەکی LCD بە ڕوونی 2064 * 2208 پێکسڵ هەیە و دەتوانیت 110 پلە بە شێوەی ئاسۆیی و 96 پلە بە شێوەی ئاسۆیی ببینیت، کە ئەمەش %15 زیاترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

گەورەترین گۆڕانکاری لە ڕەقەکاڵا(Hardware) بریتییە لە کامێرا، 2 کامێرای نوێ لە بەشی پێشەوەی لە خۆ دەگرێت کە تەواو ڤیدیۆ بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ پیشان دەدەن. کێشی بەراورد بە نەوەی پێش خۆی زیاترە و 515 گرامە.

مێتا دەسکی Touch Plus وەک ئاسانکاری بەردەست دەکات بۆ هێدسێتەکە، کە کێشی سووکتر و قەبارەی کەمترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. هەروەها هەستپێکردنی باشتر کراوە و ئێستا زیاتر و ڕاستەقینەتر هەست بە ڕووداوی نێو یارییەکان دەکەیت.

سەرچاوە The Verge
تاگەکان Meta مێتا
بۆچونی تۆ