10
ئەپ و نەرمەکاڵا 4, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

وەشانی ساڵی 2020 ـی ئەپی Adobe Photoshop CC بە تایبەتمەندی دیاریکەری بنەماکان بە ژیری دەستکردەوە بەردەستکرا

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Adobe Max 2019 لە ئەمڕۆدا، کۆمپانیای Adobe بە فەرمی وەشانی ساڵی 2020 ـی لە ئەپی Adobe Photoshop CC بە تایبەتمەندی دیاریکەری بنەماکان بە یارمەتی ژیری دەستکردەوە (AI) بەردەستکرا.

لە وەشانە نوێیەکەی ئەپی Adobe Photoshop CC ـدا، ئامرازێکی نوێی دیاریکەر بە ناوی Object Selection Tool ـەوە زیادکراوە کە توانای هەیە بنەمای نێو وێنەکان بە شێوەیەکی زۆر ژیرانە و بە بێ هیچ ماندووبوونێک دیاری بکات، سوپاس بۆ ژیری دەستکرد (AI)، تەنها بە دیاریکردنی ئەو ناوچەیەی کە دەتەوێت لەسەر وێنەکە، ئامرازەکە کاری خۆی جێبەجێ دەکات.

ئەگەر گرافیک دیزاینەر بیت و زۆرترین کاری دیاریکردنت لەسەر وێنەکان ئەنجام دابێت، تەنها تۆ دەزانیت کە ئەم ئامرازە نوێیە چەندە یارمەتیدەرە. ئەم ئامرازە نوێیە کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر بتەوێت دیاریکراوێکی نایاب بۆ وێنەکە بەدەست بهێنیت. یەکێک لە ئەرکە قورسییەکانی دیاریکردن، دیاریکردنی قژە لەسەر وێنەکان کە پێویستی بە وردییەکی زۆر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش. زۆر نایابە کە دەبینین کۆمپانیای Adobe بەم شێوەیە ژیری دەستکرد بۆ ئەپەکانی بەکار دەهێنێت. هەروەها کۆمپانیاکە دەڵێت کە چواردەوری دیاریکراوەکان لە هەندێک وەشانی تایبەتمەندی دیاریکردن باشتر کراوە.

تایبەتمەندییەکی نوێی دیکە لە ئەپەکەدا، بەڵام بچکۆلانەیە، ئەویش خێراکردنی پەڕەی ماڵەوەی ئەپەکەیە. لە هەندێک وەشانی ڕابردووی ئەپەکەدا، Adobe ئەم بەشەی نوێ کردبووەوە، بەڵام هەر بە خاوی کاری دەکرد و مایەی بەدڵبوون نەبوو.

Adobe ڕووکاری بەشی ڕەنگە تێکەڵاوەکان و ئامادەکراوەکانی نوێ کردۆتەوە. لەمەودوا لە بەشەکەدا ژمارەیەک ڕەنگی ئامادەکراو بە شێوەی جیاواز نیشان دەدرێت.

مەزنترین هەواڵی ئەمڕۆی کۆنگرەی کۆمپانیای Adobe، ئاشکراکردنی ئەپی Adobe Photoshop بوو بۆ ئامێرەکانی ئایپادی ئەپڵ. وەشانی ئایپادی ئەپەکە دوورە لە تایبەتمەندییە ناوبراوەکانی سەرەوە، دیاریش نییە کە چ کاتێک بۆی زیاد دەکرێت.

ئێستا وەشانی ساڵی 2020 ـی ئەپی Adobe Photoshop CC بەردەستە بۆ سیستەمی Windows و بەمنزیکانە بۆ macOS ـیش بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە
بۆچونی تۆ