بیروڕا
3, تشرینی یەکەم 2023
بابەتی ژمارە هەزارم لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن

دەڵێی دوێنێ بوو! یەکەمین بابەتم لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن نووسی، یەکەمین بابەتم لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن لە 31ی ئابی ساڵی 2020 بڵاو کردەوە. بۆ من هەستێکی زۆر خۆش و نایاب بوو، چوونکە لە گەورەترین ماڵپەڕی تەکنەلۆژی کوردی بووم بە ئەندام و ئەو شانازییەم پێ بەخشرا کە یەکەمین بابەت بڵاو بکەمەوە. ئێستاش دوای زیاتر لە 3 ساڵ ئەمە دەبێتە بابەتی ژمارە 1000 ـم لە بابەت و نووسراوی جیاواز لەم ماڵپەڕەدا، تەنها ئەوانەی بەردەوام خوێنەری ئێمەن لە ئەزموونی بەرەوپێشچوونی ئاستی نووسەرەکانمان تێدەگەن، لەم 1000 بابەتەدا 1000 ناخۆشی و ڕێگر هاتۆتە پێشم و هێشتا وەکو یەکەمین بابەت بە جۆش و خرۆشەوە دەنووسم و هەمان هەستی ئەو کاتەم هەیە و ئێستا بەڕێوبەری نووسینم. لێرە لە کەی ئای تی ئێن بە کاتی زۆر سەختدا تێپەڕین، بە بێ هیچ پشتگیرییەکی دارایی و تەنها لەبەر پشتگیری هەوادارانمان بەردەوام بووین، بەڵام لە کۆتاییدا دڵخۆشین بەوەی بە باشترین شێواز تاوەکو ئێستاش بەردەوامین. لێرە چەندین هاوڕێ و مامۆستا و کەسانی ئازیزمان ناسی کە بە هیچ شتێک نانرخێندرێت، هەمووان پێکەوە کەم تاوەکو زۆر کارمان کردووە لەم پەڕەیەدا بۆ بەرەوپێش بردنی و نیازە دارایی و هەندێک بابەتی کەسی و کێشەی ڕۆژانە و چەندان شتی دیکەش نەیتوانیوە ببێتە ڕێگر لە بەردەم کارەکانمان. بۆیە ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە گەورەترین و باشترین پێگەی تەکنەلۆژی کوردین، هەروەها شانازی بە ئێوەی خوێنەر و بیسەر و بینەرمان دەکەین کە پشتگیری ئێمەن. ئێمە بەردەوامین.
ئامانجی کەی ئای تی ئێن بە گشتی و من وەک بەڕێوبەری نووسەران و تەواوی نووسەر و بەڕێوبەرانی ئێرە هۆشیار کردنەوەی خەڵکی بووە بە زانیاری و بەردەست خستنی زۆرترین زانیاری بە زمانی شیرینی کوردی بە بێ هیچ لایەنگرییەک. هەمیشە ئێمە لە سەرچاوە جیهانییە باوەڕپێکراوەکانەوە بابەت و هەواڵەکان وەردەگێڕین و دەیگوازینەوە، هەوڵمان داوە لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکیمان هەبێت بە ڕێگای جۆراوجۆر.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.