کۆمپیوتەر
10, تشرینی یەکەم 2023
بۆ چارەکی هەشتەم لەسەر یەک ڕێژەی ڕەوانەکردنی دیسکتۆپ دادەبەزێت

بە پێی ئامارەکانی کۆمپانیای Gartner بۆ ڕێژەی ڕەوانەکردنی دیسکتۆپ (لاپتۆپ و کۆمپیوتەری سەر مێز) لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دا بەڕێژەی 9% دابەزیوە. ئەمە هەشتەمین چارەکی لەسەریەکە بۆ دابەزینی ڕێژەی ڕەوانەکردنی دیسکتۆپ، بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە لە چارەگی داهاتوودا دەست بە گەشە کردن دەکاتەوە (لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵیش هەمان قسەیان کرد!).
کۆمپانیای ئەپڵ یەکێکە لە گەورەترین زەرەرمەندەکان، بەجۆرێک کە ڕێژەی ڕەوانەکردنی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 24% دابەزیوە. کۆمپانیای Gartner ئەم کەمبوونەوەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ دابینکردنی ڕێژەیەکی زۆری دیسکتۆپ لە چارەکی سێیەمی ساڵی ڕابردوو و هەروەها دوورکەوتنەوەی مامۆستایان و خوێندکاران لە کڕینی دیسکتۆپی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
لە بەرامبەردا کۆمپانیای HP تاکە فرۆشیار بوو کە گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و ڕێژەی ڕەوانەکردنی 6.4% بەرزبووەتەوە. هەروەها لینۆڤۆ لەم چارەکەدا وەک سەرەکیترین فرۆشیاری کۆمپیوتەر مایەوە و پشکی %25ـی لە بازاڕدا هەبوو.
بەگشتی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا کۆی گشتی ڕەوانەکردنی دیسکتۆپ 64.3 ملیۆن یەکە بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 70.6 ملیۆن یەکە بووە.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.