ئێنتێڵ 4, ئەیلوول 2024

ئێنتێڵ نەوەی نوێی پرۆسێسەرەکانی بۆ لاپتۆپ نمایش کرد

ئەگەر بەنیازیت لاپتۆپ بکڕیت، ئەوا چاوەڕوان بە! ئێنتێڵ نەوەی نوێی پرۆسێسەرەکانی بۆ لاپتۆپەکان ڕاگەیاند کە ژمارەیان 9 پرۆسێسەرە و بۆ وەڵامدانەوەی پرۆسێسەری Snapdragon X Elite و AMD Strix Point هاتوونەتە بوون. ئێنتێڵ پرۆسێسەرە نوێیەکانی بە Core Ultra 200V ناودەبات (بۆ ئاسانکاری دەتوانین بڵێین نەوەی دووەم لە پرۆسێسەرەکانی Core Ultra). یەکەمین لاپتۆپەکانی بەم پرۆسێسەرانەوە لە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە نمایش دەکرێن و ئێنتێڵ دەڵێت “خێراترین CPU و باشترین GPU و باشترین چوستی زیرەکی دەستکرد پێشکەش دەکەن.”

وا دیارە لەگەل پرۆسێسەرە نوێیەکان، ئێنتێڵ بە تایبەت وەڵامی کواڵکۆم دەداتەوە دەربارەی بەرگە گرتنی پاتری کە پێشووتر کواڵکۆم زۆرجار بانگەشەی بۆ دەکرد. بۆ نموونە کۆمپانیای دێڵ مۆدێلی XPS 13 بەم پرۆسێسەرانە نوێ کردەوە، بە هەمان قەبارەی ڕوونما و هەمان قەبارەی پاتری و تەواوی تایبەتمەندییەکانی تر، بەڵام دێڵ ئاماژە بەوە دەدات ئەم لاپتۆپە نوێیە بەرگەی 26 کاتژمێر کار کردن دەگرێت لە کاتێکدا نەوەی پێشووتر بە هەمان تایبەتمەندی و قەبارە بەرگەی 18 کاتژمێر کار کردنی دەگرت.

نموونەیەکی دیکە کە ئێنتێڵ ئاماژەی پێداوە، بریتییە لە بەرگە گرتنی پاتری لاپتۆپی Asus Zenbook S 14 بۆ چەند کاتژمێرێکی زیاتر بەراورد بە Asus Zenbook S 16 بە پرۆسێسەرەکانی AMD ـەوە هەرچەندە پاترییەکەی گەورەترە.

وە دەربارەی یاری کردن، لە کۆتاییدا ئێنتێڵ بانگەشەی ئەوە دەکات لە پێش AMD و Qualcomm ـەوەیە. ئێنتێڵ دەڵێت پرۆسێسەری Core Ultra 9 288V لەسەر لاپتۆپی Samsung Galaxy Book4 Edge بە ڕێژەی %68 زیاتر وێنەی لە چرکەیەکدا (FPS) بەراورد بە بەهێزترین پرۆسێسەری کواڵکۆم و %16 زیاتر بەراورد بە پرۆسێسەری AMD HX 370 لەسەر لاپتۆپی Asus Zenbook S 16 تۆمار کردووە.

بەڵام با ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە ئەم پرۆسێسەرانە تایبەتن بە ئەو لاپتۆپانەی کە 32 گێگابایت و ڕام و کەمتر لە خۆ دەگرن.

سەرچاوە The Verge
تاگەکان ئێنتێڵ intel
بۆچونی تۆ