وەن پڵەس
26, شوبات 2024
كاتژمێری زیرەکی OnePlus Watch 2 نمایش کرا

یەکەمین کاتژمێری زیرەکی وەن پڵەس 3 ساڵ پێش ئێستا نمایش کرا کە بە سیستەمێکی تایبەتی خۆی کاری دەکرد، ئێستا و دوای 3 ساڵ وەن پڵەس نەوەی نوێی کاتژمێرە زیرەکەکانی بە ناوی OnePlus Watch 2 نمایش کرد. کار بە 2 چیپسێت و 2 سیستەمی جیاواز دەکات، چیپسێتی Snapdragon W5 کە کار بە سیستەمی Wear OS دەکات و چیپسێتی BES2700 کە کار بە سیستەمی real-time OS (RTOS) دەکات لە وزەیەکی کەمدا.

پاترییەکی قەبارە 500 مللی ئەمپێر/کاتژمێری لەسەر جێگیر کراوە کە بەرگەی 100 کاتژمێر کار کردنی ئاسایی و 48 کاتژمێر کار کردنی قورس دەگرێت.
لە دۆخی پاراستنی وزەدا تەنها کار بە سیستەمی real-time OS (RTOS) دەکات، کە هێشتا دەتوانیت کار بە Google Maps, Assistant, Wallet, Calendar, Keep, Gmail بکەیت و چەندین تایبەتمەندی وەک چاودێری کردنی خەو و لێدانی دڵ کار پێ بکەیت و دۆخی وەرزشی وەک مەلەکردن و پاسکیلسواری بەکار بهێنیت، وە تەلەفۆن بکەیت و وەڵام بدەیتەوە. لەم دۆخەدا کاتژمێرەکە تاوەکو 12 ڕۆژ کار دەکات.

بە بارگاوی کەرەوەی 7.5 واتی و تەکنەلۆژیای VOOC بارگاوی دەکرێتەوە، لە ماوەی 60 خوولەکدا بە تەواوەتی بارگاوی دەبێتەوە.
ڕوونمایەکی قەبارە 1.43 ئینجی لە جۆری AMOLED بە ڕوونی 466*466 پێکسڵ هەیە و تێکڕای نوێبوونەوەی 60 هێرتزە، هەروەها ڕووناکی تاوەکو 1,000 نیتە. بڕوانامەی 5ATM بۆ دژە ئاو و MIL-STD-810H بۆ بەرگە گرتنی شکان هەیە.
چەندین دۆخی وەرزشی جیاوازی تێدایە و هەستەوەری GPSی هەیە و 32 گێگابایت بیرگە و 2 گێگابایت ڕامی لەسەر جێگیر کراوە و نرخی بریتی دەبێت لە 299 دۆلاری ئەمریکی.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.