تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 6, ئەیلوول 2024

دەستگیرکردنی بەڕێوبەری تێلەگرام بووە هۆی ڕوودانی چەند گۆڕانکارییەک لە تۆڕەکەدا

سیاسەتەکانی تێلەگرام دوای دەستگیرکردنی پاڤێل دورۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێلەگرام، گۆڕانکارییان بەسەردا هات. دوای ئەوەی ماوەیەک بەسەر دەستگیر کردنی دورۆڤ تێدەپەڕێت، ئێستا تێلێگرام بە بێدەنگی پەڕەی پرسیارە ئاساییەکانی نوێ کردۆتەوە کە تێیدا پاراستنی چاتی تایبەت لە بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆک لابردراوە؛ ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەگەری ئەوە هەیە خزمەتگوزاری ڕاپۆڕتدان لە چاتی تایبەت بەردەست بخرێت. ئێستا لەو بەشەدا نووسراوە کە هەموو ئەپەکانی تێلەگرام دوگمەی (Report)یان هەیە کە ڕێگەت پێدەدات ناوەڕۆکی نایاسایی ڕاپۆڕت بکەیت بۆ بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆک لە تێلەگرام.

جێگای ئاماژەیە پاڤێل دورۆڤ پاش دەستگیرکردنی لەلایەن فەڕەنساوە یەکەمین ڕوونکردنەوەی خۆی لە کەناڵەکەی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە:

  • مانگی ڕابردوو دوای چوونم بۆ پاریس لەلایەن پۆلیسەوە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لێپرسینەوەم لەگەڵ کرا. بە منیان وت کە ئەگەری هەیە من بە شێوەیەکی شەخسی بەرپرسیار بم لە بەکارهێنانی نایاسایی لەلایەن کەسانی ترەوە، چونکە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا وەڵامیان لە تێلەگرامەوە وەرنەگرتووە.

– ئەو بابەتە لە چەند ڕووەوە سەرسوڕهێنەر بوو:

1- تێلێگرام نوێنەری فەرمی هەیە لە یەکێتی ئەوروپا کە داواکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا قبوڵ دەکات و وەڵامی دەداتەوە. ناونیشانی ئیمەیڵی ئەو نوێنەرە دەتوانرێت لە ڕێگەی گەڕانی گووگڵەوە بە ئاسانی دەست بکەوێت.

2- دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چەندین ڕێگەیان هەبوو بۆ گەیشتن بە من. من وەک هاووڵاتییەکی فەرەنسی و زۆر سەردانی کونسوڵخانەی فەرەنسام کردووە لە دوبەی، تەنانەت لە ڕابردوودا ئەوان یارمەتیان دابووم بۆ دانانی هێڵی پەیوەندی تێلێگرام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.

3- ئەگەر وڵاتێک ناڕازی بێت لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، بەگشتی سکاڵا لەسەر خزمەتگوزارییەکە تۆمار دەکەن، نەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار تۆمەتبار بکەن بە بەکارهێنانی نایاسایی کەسێکی تر. دروستکردنی تەکنۆلۆژیا بۆ خۆی کارێکی زەحمەتە و ئەگەر داهێنەرانی بزانن کە لەوانەیە بەرپرسیار بن لە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانیان، ئەوا واز لە دروستکردنی ئامرازی نوێ دێنن.

4- هەندێک جار ناتوانین لەگەڵ ڕێکخەرانی وڵاتێک لەسەر هاوسەنگی نێوان تایبەتمەندی و ئاسایش ڕێکبکەوین و لەو حاڵەتانەشدا ئامادەین ئەو وڵاتە بەجێبهێڵین. پێشتر ئەوەمان کردووە؛ وەک کاتێک ڕووسیا داوای گەیاندنی نهێنوشەی کریپتۆگرافی دەکرد یان ئێران داوای لێکردین کەناڵەکانی خۆپیشاندەران بلۆک بکەین. ئێمە پابەندین بە پرەنسیپەکانی خۆمانەوە و ئەگەر بازاڕەکانی وڵاتێک لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئێمەدا نەگونجێت، لەوێ دەڕۆین.

5- بێگومان ئەوە بەو مانایە نییە کە تێلێگرام بێ کەموکوڕییە. تەنانەت ئەوەی کە دەسەڵاتدارانیش نازانن داواکارییەکانیان بۆ کوێ بنێرن، کێشەیەکە کە پێویستە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەو بانگەشەی هەندێک لە میدیاکان کە دەیانەوێت بڵێن تێلەگرام ژینگەیەکی نایاساییە، ڕاست نین. ڕۆژانە ملیۆنان پۆست و کەناڵی زیانبەخش لادەبەین و ڕاپۆرتی شەفافیەت بڵاودەکەینەوە.

6- هیوادارم ڕووداوەکانی ئەم دواییە ببنە هۆی ئەوەی کە تێلێگرام و پیشەسازی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی ئەمن و سەلامەتتر و بەهێزتر بن.

سەرچاوە DuRoves telegram channel
تاگەکان Telegram تێلەگرام
بۆچونی تۆ