میدیاتێک 9, تشرینی یەکەم 2024

چیپسێتە نوێیەکەی میدیاتێک ئامادەیە بۆ زیرەکی دەستکرد و مۆبایلە سێ لا نوشتاوەکان

میدیاتێک بە فەرمی نوێترین و بەهێزترین چیپسێتی بۆ مۆبایلەکە ئاست بەرزەکان بە ناوی Dimensity 9400 ڕاگەیاند. چیپسێتەکە لەسەر بناغەی 3 نانۆمەتری بونیاد نراوە و میدیاتێک دەڵێت “%40 وزە کەمتر بەهەدەر دەدات” بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

8 ناووکی هەیە، سەرەکییەکەیان لە جۆری Arm Cortex-X925 بە خێرایی 3.62 گێگاهێرتز کە 1 دانەیە. هەروەها 3 دانەی تر لە جۆری Cortex-X4 و 4 دانەش لە جۆری Cortex-A720 لە خۆ دەگرێت.

میدیاتێک دەڵێت بەروارد بە چیپسێتی Dimensity 9300 بە ڕێژەی %35 لە ڕووی کارایی (Performance) تاک ناووک و %28 لە ڕووی کارایی فرە ناووک باشتر کراوە. هەروەها چیپسێتەکە گرافیکی نوێی 12 ناووکی Immortalis-G925 لەسەر جێگیر کراوە کە %40 خێراترە لە Ray Tracing ـدا.

چیپسێتە نوێیەکەی میدیاتێک نەوەی هەشتەمی NPU بۆ زیرەکی دەستکرد هەیە. یەکەمین چیپسێتە کە پشتگیری لە درووست کردنی ڤیدیۆ بە شێوەیەکی بنچینەیی و بە جۆرایەتی بەرز و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بکات. هەروەها %80 خێراتر کراوە لە ڕووی کارایی مۆدێلی زمانی گەورەی زیرەکی دەستکردەوە. پشتگیری لە Wi-Fi 7 دەکات، هەروەها پشتگیری لە مۆبایلە 3 لا نوشتاوەکانیش دەکات.

هەروەها یەکەمین چیپسێتی جیهانە کە پشتگیری لە ڕامی LPDDR5X بە خێرایی 10.7 گێگابت بکات. پشتگیری لە تۆمار کردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا دەکات.

ئەم چیپسێتە بۆ یەکەمین جار لەسەر ئەو مۆبایلانە جێگیر دەکرێت کە لە چارەکی 4 ئەمساڵ بڵاو دەکرێنەوە. یەکەمین بەرهەم کە ئەم چیپسێتەی لەسەر جێگیر دەکرێت بریتییە لە Oppo Find X8 کە لە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە نمایش دەکرێت.

سەرچاوە The Verge
تاگەکان Mediatek میدیاتێک
بۆچونی تۆ