Open AI 24, تشرینی دووەم 2024

ژیری دەستکردی نوێی مایکرۆسۆفت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان لەوانە شێرپەنجە نمایش کرا

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ژیرییەکی دەستکردی نوێی پەرەپێداوە کە دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ شیکردنەوەی وێنە پزیشکییەکان و دۆزینەوەی نەخۆشیەکان. ئەو مۆدێلە ژیرییە دەستکردە بەناوی BiomedParse لەسەر بنەمای GPT-4 لە OpenAI دامەزراوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی مایکرۆسۆفت، ژیرییە دەستکردە نوێیەکە توانایی ئەوەی هەیە هەڵسەنگاندن بکات بۆ سی تی سکان، وێنەی تیشکی ئیکس، سۆنەر، ئێم ئاڕ ئای و جۆرەکانی تری وێنەی پزیشکی بۆ ئەوەی کە نەخۆشیە ئەگەرییەکان یا دیاردەی بایۆلۆژی یا جۆرەکانی خانە دەستنیشان بکات. ژیری دەستکردی BiomedParse تا ئێستا توانیویەتی نەخۆشیەکانی وەکو، میلانۆما، هەوکردنی سنگ، سیستۆییدی چاو، گلیۆمای مێشک و کۆرۆنا لەنێو نەخۆشیەکانی تردا دەستنیشان بکات.

بەپێی ئەو توێژەرانەی کە لەگەڵ BiomedParse کاریان کردووە، ئەو ئامرازە پێویستی بە هەوڵی کەمتر هەیە لەچاو ئامرازەکانی تر کە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان بەکاردەهێنرێن و تەنیا بە پێدانی دەقێک لە داواکاری ئەو شتەی کە مەبەستیانە، وەڵامی خۆیان لەلایەن ژیرییەکەوە وەردەگرن.

بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە داهاتووی پزیشکیدا فراوانتر دەبێت و هەوڵ دەدرێت دەستنیشان کردن و چارەسەر کردن بۆ پزیشکان ئاسانتر بکرێت. بێگومان مایکرۆسۆفت یەکەم کۆمپانیا نیە کە لەو بوارەدا کاری کردبێت و پێشتریش چەند نمونەی ئاوا لە بوارەکەدا بەردەست خراون، وەکو ژیری دەستکردی Med-PaLM AI کە لەلایەن گوگڵەوە پەرەی پێدراوە. جگە لەوانەش ڕۆبۆتە نەشتەرگەرەکانیش کە لەگەڵ ژیری دەستکرد تێکەڵ کراون لەژێر پەرەپێدان دان و داهاتوویەکی سەرکەوتوویان بۆ پێشبینی دەکرێت.

سەرچاوە Microsoft Research Blog
تاگەکان AI Medicine
بۆچونی تۆ