ئامێرە هەمەجۆرەکان 26, کانوونی یەکەم 2024

چینییەکان تەکسییەکی هەواییان بە مەودای ڕۆیشتنی 200 کیلۆمەتر نمایش کرد

بەم دواییانە، کۆمپانیای چینی GAC Group براندێکی تازەی بەناوی GOVY دامەزراندووە کە تایبەتە بە دروست کردن و پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلە فڕیوەکان و evtol. ئامانجی براندەکە ئەوەیە گواستنەوە لە نێوان شارەکان و ناوشار ئاسانتر بکات. ئەو براندە نوێیە بە نمایش کردنی بەرهەمی خۆی، داهاتووی ئەو بازاڕەمان بۆ وێنا دەکات.

بەرهەمە نوێکەی GAC Group ناوی AirJet دەبێت. بەرهەمەکە تەکسییەکی هەوایی دەبێت کە دەتوانێت تەنیا بە نیوکاتژمێر بارگاوی بوونەوە، مەودایەکی 200 کیلۆمەتری ببڕێت؛ هەڵبەت ئەو کۆمپانیایە پێی وایە دەتوانێت لە داهاتوودا بە کەڵک وەرگرتن لە پاتری ڕەق، مەودای فڕین تاوەکو 400 کیلۆمەتریش بەرز بکاتەوە کە ئەوەش لەخۆیدا بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە.

هەروەها لاشەی تەکسییەکە لە کاربۆن فایبەر دروست دەکرێت کە یارمەتییەکی زۆر دەدات بۆ پتەوی و کێشی کەمتر. ئەو تەکسییە توانای فڕینی ڕاستە هێڵی دەبێت و بزوێنەرە کارەباییەکەی دەتوانێت ئەو هێزەی پێبدات کە بە لایەنی زۆر بە خێرایی 250 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت.

جگە لە فڕۆکەوان دووکەسی تریش دەتوانن هاوکات سەرکەون و تەکسییە فڕیوەکە بە هەستەوری جیاواز وەکوو بەدی کردنی بەربەست، چاودێری هاوکات و سیستەمی کۆنتڕۆڵی پێشکەوتوو پڕچەک کراوە بۆ ئەوەی کە گەشتێکی پارێزراو دابین بکات. تاقیکردنەوەکانی AirJet بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فڕین لە ساڵی داهاتووەوە دەست پێدەکات.

وڵاتی چین بە وڵاتێکی پێشەنگ دادەنرێت لە بواری ئۆتۆمبێلە فڕیوەکان و سەرمایەگوزراییەکی زۆری لە وەبەرهێنانی ئۆتۆمبێلی فڕیو و eVTOL دا کردووە. پێشبینی دەکرێت کە چین تاوەکو 2030 بتوانێت سەد هەزار تەکسی هەوایی و ئۆتۆمبێلی فڕیو بەردەست بخات.

سەرچاوە Gac Motor
بۆچونی تۆ