مێتا
18, ئەیلوول 2025
چاویلکە زیرەکە نوێیەکەی مێتا پاترییەکەی دوو هێندە بەرگە دەگرێت

مێتا نەوەی نوێی چاویلکە زیرەکەکەی بە ناوی Ray-Ban Meta Gen 2 بە نرخی 379 دۆلار نمایش کرد. لەم نەوەیەدا چەندین گۆڕانکاری ئەنجام دراوە و دیارترینیان بریتییە لە باشتر کردنی پاتری کە ئێستا دەتوانیت بۆ ماوەی 8 کاتژمێر بە یەکجار بارگاوی کردنەوە کار بە چاویلکەکە بکەیت. هەروەها کەیسەکەی 42 کاتژمێر بەرگە دەگرێت و دەتوانیت نیوەی پاتری چاویلکەکە لە 20 خوولەکدا بارگاوی بکاتەوە.

هەروەها ئەم کامێرا نوێیە توانای تۆمار کردنی ڤیدیۆی بە ڕوونی 3K هەیە بە 30 وێنە لە چرکەیەکدا . هەروەها بە 1440 پێکسڵ هەمان ئێف پی ئێسی هەیە بەڵام ئەگەر بە ڕوونی 1200 پێکسڵ ڤیدیۆ تۆمار بکەیت دەتوانیت تاوەکو 60 وێنە لە چرکەیەکدا هەڵبژێریت.

مێتا تایبەتمەندییەکی گرنگی دەنگی بەردەست خستووە بە ناوی “conversation focus” کە بڵندگۆکانی سەر چاویلکەکە بەکاردەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی کەسێک کە قسەی لەگەڵ دەکەیت. کێشی چاویلکەکە 52 گرامە و بیرگەی ناوەکی 32 گێگابایتە. هەروەها بڕوانامەی IPX4 هەیە بۆ ئەوەی بەرگەی پرشەی ئاو بگرێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.