ئەندرۆید
24, کانوونی یەکەم 2025
ئەمانە 14 شتن کە نابێت هەرگیز بە مۆبایلە ئەندرۆیدەکەت بیکەیت

لە جیهانی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا، مۆبایلە ئەندرۆیدەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیانمان بۆ پەیوەندی و کارکردن. بەڵام شێوازی بەکارهێنانت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خێرایی و مانەوەی (تەمەنی) مۆبایلەکەت هەیە، بۆیە گرنگە بزانیت چۆن بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت.
لێرەدا باس لە ١٤ هەڵەی باو دەکەین کە پێویستە هەرگیز ئەنجامیان نەدەیت، وەک پشتگوێخستنی نوێکارییەکان (Updates)، وەرنەگرتنی کۆپییەکی یەدەگ (Backup) و مەترسییەکانی ڕووتکردن (Root). ئەم زانیارییانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت بە پارێزراوی و بە باشترین ئاست کار بکات. ئەمە لەکاتێکدا، هێشتا دەتوانیت چالاکیان بکەیت، بەڵام دەبێت دەرئەنجامەکان قبوڵ بکەیت.
١. پشتگوێخستنی نوێکارییەکانی سیستەم (Software Updates): نوێکارییەکان بۆ چاککردنی کێشەکان و پاراستنی ئاسایشی مۆبایلەکەتن. هەمیشە نوێترین وەشان دابەزێنە.

٢. ڕیستارتنەکردنەوەی مۆبایلەکەت: پێویستە هەفتەی یان مانگی جارێک مۆبایلەکەت کوژانەوە و هەڵکردن (Restart) بۆ بکەیت تاوەکو سیستەمەکەی خاوێن بێتەوە و خێراتر کار بکات.

٣. دابەزاندنی ئەپ لە سەرچاوەی نەناسراوەوە: تەنها لە Google Play ئەپ دابەزێنە. ئەپەکانی دەرەوە رەنگە ڤایرۆس یان سیخوڕیان تێدا بێت. هێشتا زۆر خەڵک ئەپی مۆدکراو و دەستکاریکراو دادەگرن، بەڵام بەداخەوە بیر لە مەترسییەکانی ئەم ئەپانە ناکەنەوە.

٤. چاودێری نەکردنی مۆڵەتەکانی ئەپ (Permissions): ئاگاداربە چ مۆڵەتێک دەدەیت بە ئەپەکان. بۆ نموونە، ئەپێکی لایت (Flashlight) پێویستی بە شوێنەکەت (Location) نییە.

٥. پشتگوێخستنی پاراستنی وزەی پاتری: تایبەتمەندی “Battery Saver” بەکاربهێنە کاتێک شەحنت کەمە، بەڵام پێویست ناکات هەمیشە دایگیرسێنیت چونکە چوستی و توانستی مۆبایلەکە کەم دەکاتەوە، بۆیە بەپێی پێویست بەکاری بهێنە.

٦. بەتاڵکردنەوە و پڕکردنەوەی تەواوەتی پاتری: هەوڵبدە پاترییەکەت لە نێوان ٣٠٪ بۆ ٨٠٪ بهێڵیتەوە. مەهێڵە زوو زوو بکوژێتەوە یان بە بەردەوامی بگاتە ١٠٠٪، ئەمە وادەکات تەمەنی پاتریەکە زیاتر بێت.

٧. پڕکردنی بیرگەی مۆبایلەکەت (Storage): کاتێک بیرگەی مۆبایلەکەت پڕ دەبێت، مۆبایلەکە خاو دەبێتەوە. هەوڵبدە هەمیشە بەشێک لە بیرگەکەت بە بەتاڵی بهێڵیتەوە و ئەو فایل و پەڕگە و ڤیدیۆ و وێنانەی دوبارە و پێویست نین بیانسڕەوە.

٨. بەکارھێنان بەبێ ڕێوشوێنی ئاسایش: هەمیشە شێوازەکانی وەک پەنجەمۆر یان کۆد بەکاربهێنە و تایبەتمەندی دوو قۆناغی (2FA) کارا بکە بۆ پاراستنی زانیارییەکانت.

٩. پاکنەکردنەوەی Cache: ناوبەناو فایلە کاتییەکانی ئەپەکان (Cache) پاک بکەرەوە بۆ ئەوەی ئەپەکان باشتر کار بکەن و کێشەیان بۆ دروست نەبێت.

١٠. پەیوەستکردن بە کۆمپیوتەری نەناسراوەوە: مۆبایلەکەت بە هەموو کۆمپیوتەرێکەوە پەیوەست مەکە، چونکە رەنگە ڤایرۆس لە کۆمپیوتەرەکەوە بگوازرێتەوە بۆ مۆبایلەکەت.

١١. زۆر کارپێکردنی ئەپەکان لە باکگراوند: ئەو ئەپانەی زۆر بەکاریان ناهێنیت و لە پشتەوەی شاشە (Background) کار دەکەن، دایانبخە یان ڕەشیان بکەرەوە بۆ ئەوەی شەحن زۆر نەبەن.

١٢. بەکارھێنانی وایفای گشتی Public WiFi بەبێ ئاگاداری: وایفای شوێنە گشتییەکان (وەک کافتریا و چایخانە و شوێنە گشتییەکان) زۆرجار پارێزراو نین. لەو شوێنانە کاری بانکی مەکە یان VPN بەکاربهێنە.

١٣. فەرامۆشکردنی باکەپ (Backup): هەمیشە کۆپییەکی یەدەگ لە زانیاری و وێنەکانت هەڵبگرە لەڕێگەی Google Drive یان کۆمپیوتەرەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر مۆبایلەکەت تێکچوو، پەڕگە و فایلەکانت نەفەوتێن.

١٤. ڕووتکردنی مۆبایل (Rooting): خۆت بەدوور بگرە لە “ڕووت”کردنی مۆبایلەکەت، چونکە پاراستنی سیستەمەکە لاواز دەکات و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرەنتی (Warranty). خۆ ئەگەر خۆت ویستت لێ بوو، ئازادیت.

سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!