ئینتەرنێت
24, کانوونی دووەم 2026
لە ئینتەرنێتەوە بەرەو ئینترانێت، زیندانی دیجیتاڵیی ئێران

لە شارستانییەستی نوێی مرۆڤدا، ئینتەرنێت تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو شادەماری ئابووری، زانستی و کۆمەڵایەتییە و دەرچەیەکە بەرەو جیهانی دەرەوە. ئەوەی لە ماوەی 300 کاتژمێری رابردوودا بەسەر ئینتەرنێتی ئێراندا هات تەنیا فیلتەر کردن یا پچڕانێکی سادە نەبوو، بەڵکو تێستێکی گۆڕینی ژێرخانی ئینتەرنێتە بۆ “ئینترانێت”ێکی داخراو بوو بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی چین.

بەر لەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان، گرنگە لە جیاوازییەکان تێبگەین:
ئینتەرنێت: تۆڕێکی جیهانییە کە تێیدا داتا بە ئازادی لە نێوان وڵاتان و سێرڤەرە جیاوازەکاندا دەگوازرێتەوە.
ئینترانێت: تۆڕێکی داخراوی ناوخۆییە هەندێک جار ئینتەرنێتی نیشتمانیشی پی دەوترێت؛ وەک تۆڕی فەرمانگەیەک یان بانکێک و بریتییە لە گۆڕینی تەواوی ئیتەرنێت بۆ ئینترانێتێکی گەورە کە تێیدا پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە کۆنتڕۆڵکراو یان بە تەواوی پچڕاو بێت و تەنیا ئەو خزمەتگوزارییانە بەردەست بن کە سێرڤەرییان لە ناوخۆی وڵاتدا هەبێت. لەکاتی پچڕانی ئینتەرنێت تەنیا ماڵپەڕە ناوخۆییەکان بەردەست بوون و هەندێکیش لە سەکۆکانی ناوخۆی هاوشێوەی تێلێگرام و یوتیوب کە بە ملیۆنان دۆلاریان لە بودجەی حکوومەتی بۆ خەرج کرابوو؛ جگە لەوە تا چەند رۆژ لەمەوبەر توانای پەیام ناردن یا چات لە هەموو سەکۆ ناوخۆییەکانیشدا بە بیانووی ئەمنی داخراو بوو و خەڵک وەکوو تانە باسیان لەوە دەکرد کە بیریان چۆتەوە چۆن کار بە تەختەکلیل بکەن. ئەمانە بەڵگەی ئاشکرا و بینراوی ئینترانێتن.
سیمکارتی سپی: سیمکارتێکە کە لەلایەن حکوومەتەوە دەدرێت بە نزیکانی دەسەڵات کە ئەو سنوودارییەی کە لەسەر سیمکارتی خەڵکی ئاساییە لەخۆ ناگرێت و راستەوخۆ و بەبێ فیلتەر دەستی بە ئینتەرنێتی جیهانی رادەگات. ئەمە بە واتای ئینتەرنێتی چینایەتییە و دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت.
بلۆکلیست: لە کاتی فیلتەرینگ دا هەندێک ماڵپەڕ و سەکۆی نەخوازراوی حکوومەت فیلتەر دەکرێن کە زۆربەی جار بە فیلتەرشکێن VPN دەتوانیت دەستت پێیان رابگات.
وایتلیست: لە کاتی فلتەرینگ دا هەموو شتێک فیلتەر دەکرێت (تەنانەت ئێستا ماڵپەڕی kitnیش فلتەرە)؛ مەگەر ئەو سەکۆیانەی کە حکوومەت بە خراپیان نازانێت وەکوو تایبەتمەندی سێرچی وێبگەڕی گووگڵ یا ژیری دەستکردی دیپسیکی چینی.

فایرواڵی چین: بە پێی هەواڵە دزەپێکراوەکان ئەمە تەنیا سیستەمێکی سانسۆر و فلتەر نیە بەڵکو سیستەمێکی پێشکەوتووی سیخوڕییە بەسەر بەکارهێنەرانەوە و دەتوانێت ئیمەیلەکان و ژمارەی بەکارهێنەر دیاری بکات؛ هەروەها لە بەکارهێنانی VPN ئاگادار دەبێتەوە و IPـەکان فلتەر دەکات. ئێران بەشێوەیەکی نهێنی کڕیاری ئەم سیستەمەیە و ماڵپەڕە هەواڵیەکانی فارسی دەڵێن لەماوەی پچڕاندنی ئینتەرنێتدا حکوومەت خەریکی تێست کردنی و دامەزراندنی بووە.
ئەگەرچی ساڵانێکە زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی وەکوو یوتیوب، فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام، گوگڵ پلەی و هتد، فلتەرن بەڵام خەڵکی بە کەڵک وەرگتن لە VPN دەیانتوانی دەستیان بەم سەکۆیانە رابگات. ئێستا بە هۆی سنووردارکردنی رێژەی دەرچوونی زانیاریی و سیستەمی هاوشێوەی فایرواڵی چین تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە VPNـە پارەییەکان کار دەکەن؛ ئەویش پاش زیاتر لە نیوکاتژمێر هەوڵدان. سێرڤەرە ناوخۆییەکان بەردەوام کار دەکەن و دەپچڕێن. ئەمەش وەکوو نیشانەیەکی تێستی سیستەمی نویی فلتەرینگ ئەژمار دەکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی نێتبلۆکس و کلاودفلەیر لە ماوەی ئەو ١٥ رۆژەدا تەنیا ٢٪ خەڵکی دەستیان بە ئینتەرنێت راگەیشتووە کە ئەویش پەیوەستە بە سیمکارتە سپییەکان. ئێستاش کە بە بروای ئەوان ئینتەرنێت بەردەست بۆتەوە، سێ لەسەر چواری ترافیکی ئینتەرنێتی ئێران بۆتەکانن. ئەمەش بۆ ڕای گشتی کە بڵێن ئینتەرنێت دووبارە بەردەست خراوەتەوە. نێتبلۆکس دەستەواژەی فلتەرنێت پلاس “Filternet Plus” بۆ دۆخی ئێستای ئینتەرنێتی ئێران بەکاردەهێنێت.

پاش پچڕانی ئینتەرنێت و هاوشانی ئەو تەلەفۆن و SMS، زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس کار و پیشەیان وەستا، زۆر کەس لە کارەکەی دەرکرا، هەزاران ماڵپەڕ بەهۆی دەرهێڵ offline بوونی سێرڤەر بابەتەکانیان لە ئیندێکسی گوگڵ هاتنە دەر، کاری زانستی و فێربوون بە گشتی وەستا. مۆبایلەکانی خەڵکی بوون بە زۆمبییەکی ڤایرۆساوی لەبەر VPN و ڕێکخستنی (Configuration) ساختە و هەر لینکێک کە بەڵێنی ئینتەرنێتی جیهانی بە بەکارهێنەر دەدات. سەدان و هەزاران کێشەی دیکە روویدا کە هەمووی نانووسرێت و ئێستاش چارەسەر نەکران. تەنیا زیانە ئابووریەکەی ئەو پچڕانە بە زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت.
رێگاچار چییە؟
ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیا وەکوو سێڵاوێک وایە ناتوانرێت پێشی پێ بگیرێت. لەو ماوەیەدا خەڵکانێک کە توانای ماددیان هەبوو روویان کردە ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک؛ ئەویش بەدزییەوە چونکە بە کارێکی نایاسایی هەژمار دەکرێت. هەرچەندە ئەویش لەلایەن حکوومەتەوە، سیگناڵەکانیان پارازیتییان تێ دەکەوت. سەدان کەس هەزاران کیلۆمەتریان بڕی بۆ ئەوەی بگەنە سنوورەکانی باشووری کوردستان یا ئەفغانستان و پاکستان و هتد، تەنیا بۆ ئەوەی ئیمەیلێک بنێرن یان مامەڵەیەکی ئینتەرنێتی دابخەن، لە ئازیزانیان بپرسن و هتد. ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات، کۆپییەکی شێواوی مۆدیلی چینییە. ئەگەر لە کۆریای باکوور خراپتر نەبی باشتریش نیە؛ جا جیاوازییەکە ئەوەیە چین و کۆریا پێش داخستنی دەرگاکان جێگرەوەیان دروستکرد؛ بەڵام ئێران بەبی هەبوونی ژێرخانێکی بەهێز و بە زۆرەملێ دەیەوێت بەکارهێنەران بەرەو ئەپڵیکەیشنە ناوخۆییەکان رابکێشێت و وا دەزانێت ئینتەرنێت تەنیا چەند ئەپڵیکەیشنێکە. ئەمە زیندانێکی دیجیتاڵییە کە تێیدا بەکارهێنەران مافییان نییە هەرجۆرە لە پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەرەوە هەبێت. زیانەکانی روون و ئاشکرایە و رەنگە ئەوەی خۆی بەچاوی خۆی نەیبینێت درکی پی نەکات. هەموو بەشەکانی ژیانی خەڵک دەوەستێت و ژیانێکی دوورەپەرێز لە جیهان دروست دەکات. ئەمە ئەزموونێکی بینراوە و پێویستە خەڵک لە پارچەکانی تر هۆشیار بن لە بوونی شتێکی ئاوا و لەگەڵ هەست کردن پێی دژی بوەستنەوە.