ئەمڕۆ ٢١ی ٢ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە و پیرۆزبایی لە هەموو کوردزمانان دەکەم، بەڵام پێشم وایە ئەم ڕۆژە تەنها بۆنەیەک نییە بۆ شانازیکردن بە ڕابردووی زمانەکەمانەوە، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ بیرکردنەوە لە داهاتووی. وەکو نووسەرێک کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بەردەوام چاودێریی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان دەکەم، دەتوانم بڵێم شۆڕشی دیجیتاڵی، قۆناغ بە قۆناغ، ئاستەنگ و دەرفەتی نوێی بۆ زمانی کوردی هێناوەتە ئاراوە. لە سەرەتادا، خەباتی ئێمە تەنها بۆ بوونی فۆنتێکی دروست و تەختەکلیلێکی کوردی بوو لەسەر سیستەمە جیاوازەکانی کۆمپیوتەر و پاشان مۆبایل؛ بەڵام ئەمڕۆ، لە سەردەمی ژیریی دەستکرد و پێواژۆکردنی زمانی سروشتیدا Natural Language Processing، ئاڵنگارییەکان زۆر لەوە گەورەترن.
زمانی کوردی لە کوێی تەکنەلۆژیایە؟
ئەگەر بە شێوەیەکی بابەتیانە سەیری پێگەی زمانی کوردی و بە تایبەت شێوەزاری سۆرانی بکەین، پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە. پشتگیریی فەرمیی تەختەکلیل لە iOS و Android، بوونی وەرگێڕی گووگڵ و مایکرۆسۆفت، و زیادبوونی ناوەڕۆکی کوردی لەسەر وێب، هەنگاوی دڵخۆشکەرن. بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی وەک یاریدەدەرە دەنگییە زیرەکەکان (سیری و Google Assistant و بیکسبی)، یان مۆدێلە گەورەکانی زمان (LLMs)، دەبینین کە زمانی کوردی هێشتا لە پەراوێزدایە و داتای پێویست بۆ ڕاهێنانی ئەم ئامرازانە بەردەست نییە.
پێویستە ئاگامان لە چی بێت؟
لەخوارەوە چەند خاڵێک دەخەمەڕوو:
-
هەژاریی داتای دیجیتاڵی: ژیریی دەستکرد پشت بە “داتا” دەبەستێت. گەورەترین مەترسی لەسەر زمانی کوردی نەبوونی داتاسێتی (Dataset) گەورە و ستانداردە بە شێوەی دەق و دەنگ. ئەگەر ئامێرەکان نەتوانن بە کوردی بخوێننەوە و لێمان تێبگەن، لە داهاتوودا نەوەکانی دوای ئێمە ناچار دەبن بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، زمانەکانی دیکە بەکاربهێنن، بۆ نمونە پشت بە زمانی ئینگلیزی ببەستن.
-
پەرشوبڵاوی و نەبوونی ستاندارد: لە وەرگێڕان و بەکارهێنانی زاراوە تەکنەلۆژییەکاندا، هێشتا پەرشوبڵاوییەکی زۆر هەیە کە پرۆسەی فێربوونی ئامێر (Machine Learning) قورس دەکات.
-
لەناوچوونی دیجیتاڵی: زمانێک ئەگەر نەتوانێت خۆی لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەمدا بگونجێنێت، ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوونی دیجیتاڵی دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەشدا قسەی پێ بکرێت.
چۆن خزمەتی زمانەکەمان بکەین لەم قۆناغەدا؟
بۆ ئەوەی زمانی کوردی تەنها زمانێکی ناو ئاخێوەرانی کوردزمان نەبێت و ببێتە بەشێک لەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە، ئەرکی سەرشانی هەموومانە ئەم هەنگاوانە بنێین:
-
دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی کوردی: نووسینی وتاری زانستی، تەکنەلۆژی، و فێرکاری بە زمانی کوردیی پاراو و ڕێنووسێکی دروست. ماڵپەڕە تەکنەلۆژییەکان و بلۆگەکان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە دروستکردنی ئەم ئەرشیفە دیجیتاڵییەدا.
-
بەشداری لە پڕۆژە سەرچاوە کراوەکان (Open-Source): پێویستە هانی گەنجان بدەین بەشداری بکەن لە پڕۆژەکانی وەک Mozilla Common Voice بۆ کۆکردنەوەی داتای دەنگیی کوردی، یان باشترکردنی وەرگێڕە جیهانییەکان بە پێشنیارکردنی وەرگێڕانی دروست.
-
دروستکردنی پردێک لە نێوان زمانەوانان و گەشەپێدەران: پێویستمان بە کاری هاوبەش هەیە لە نێوان شارەزایانی زمان و پڕۆگرامسازان بۆ دروستکردنی ئەلگۆریتمێک کە لە ڕێزمان و مۆرفۆلۆجیای زمانی کوردی تێبگات.
-
یەکخستنی زاراوەکان: بەکارهێنانی زاراوەی تەکنەلۆژیی یەکگرتوو و دروست، کە هەم لەگەڵ بنەماکانی زمانی کوردیدا بگونجێت و هەمیش لێکتێگەیشتن لە نێوان بەکارهێنەراندا ئاسان بکات.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم زمانەکەمان ناسنامەمانە و لەم سەردەمەدا، پاراستنی ئەم ناسنامەیە بە دروستکردنی ژێرخانێکی دیجیتاڵیی بەهێز دەبێت. هەر پیتێک کە ئەمڕۆ بە کوردییەکی دروست لەسەر ئینتەرنێت دەینووسین، خشتێکە بۆ بنیاتنانی داهاتووی زمانەکەمان لەناو مێشکی زیرەکیی دەستکرددا.