بابەتی گرینگ
13, شوبات 2026
پرۆژەی “هەژماری من”: بەدیجیتاڵکردنی مووچە یان گواستنەوەی قەرەباڵغی لە بانک و فەرمانگەکانەوە بۆ بەردەم ATMـەکان؟

لە دونیای تەکنەلۆژیای دارایی (FinTech)دا، چەمکی بەدیجیتاڵکردنی مووچە (Salary Digitization) تەنها بریتی نییە لە گۆڕینی دراوی کاخەزی بۆ ژمارەی سەر شاشە، بەڵکو بریتییە لە دروستکردنی ئیکۆسیستەمێک (Ecosystem) کە تێیدا پارە دەتوانێت بەبێ دەستلێدان، لە هەژمارێکەوە بۆ هەژمارێکی تر بگوازرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەی “هەژماری من” بانگەشەی شۆڕشێکی بانکی دەکات، بەڵام ئەوەی ڕاستیدا دەبینرێت، شۆڕش نییە، بەڵکو قەیرانێکی تەکنیکی و ژێرخانییە کە هاوڵاتی و موچەخۆران باجەکەی دەدەن. من لەم وتارە زیاتر تیشک دەخەمە ڕەهەندە تەکنەلۆژیەکەی وەک لەوەی ڕەهەندە سیاسی و ئابورییەکان.
کێشەکە لە کارتەکە نییە، لە بازاڕەکەیە!
ئێستا سەدان هەزار مووچەخۆر خاوەنی ماستەرکارت یان ڤیزاکارتن. لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم پارچە پلاستیکە دەبێت کلیلێک بێت بۆ کڕینی هەموو پێداویستییەکان، لە نانەواخانەکەوە تا مارکێتە گەورەکان، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ژینگەی کوردستان، ئەم کارتە تەنها یەک ئەرکی پێ سپێردراوە و ئەویش کلیلێک بۆ دەرهێنانی کاش لە ATM.
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە پرۆسەی “هەژماری من” بە نیوەچڵی جێبەجێ کراوە. حکومەت لایەنی (Issuing) واتە دەرکردنی کارتی چارەسەر کردووە، بەڵام لایەنی (Acquiring) و بەکارهێنانی لە بازاڕدا فەرامۆش کردووە.
نەبوونی ئامێری POS: بۆچی دەبێت پارەکە دەربهێنم؟
بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، سەرکەوتنی سیستەمی بانکی بەوە دەپێورێت کە چەند کەمتر پێویستت بە کاش دەبێت. لە کوردستان، تۆ مووچەکەت دەچێتە سەر کارتەکەت، بەڵام کاتێک دەچیتە دەرمانخانە، بەنزینخانە، یان سوپەرمارکێت، خاوەن کارەکە پێتدەڵێت: “تەنها کاش وەردەگرین”. من بەپێی ئەوەی زۆربەی خوێندنم لە دەرەوەی وڵات بووە، بۆ نمونە لە ئەمەریکا زۆرینەی شوێنەکان لێیان نوسراوە Cashless، واتا کاش وەرناگرین. من نامەوێت بەراوردی ئێرە و ئەمەریکا بکەم، بەڵام هیچ نەبێت با هەنگاوی یەکەم جێبەجێکرابووتایە پاشان ئەوا بەلێشاو کارت دەربکەن، ئەویش ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنییە.
بۆیە، ئەمە وایکردووە کە هاوڵاتی ناچار بێت لە یەکەم ڕۆژی دابەشکردنی مووچەدا، ڕاستەوخۆ پەلاماری ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە واتا (ATM) بدات بۆ ئەوەی هەموو پارەکە بە کاش ڕابکێشێت. ئەنجامەکەشی دەبینین:
- دروستبوونی سەرەی دوورودرێژ و دیمەنی نەشیاو لەبەردەم کابینەکان.
- زوو بەتاڵبوونی ئامێرەکان لە پارە (Liquidity issues).
- پەککەوتنی بەردەوامی ئامێرەکان بەهۆی لۆدی زۆرەوە یان جامبوونی کارت و کێشە باوەکانی تر.
حکومەت لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدا ونە؟
لێرەدا ڕەخنەی جددی ئاڕاستەی ستراتیژیەتی پرۆژەکە دەکەم. ناکرێت تۆ مووچەی خەڵک بخەیتە ناو کارتێکەوە، بەبێ ئەوەی ژێرخانی بازاڕ ئامادە بکەیت. حکومەت دەبوایە پێش یان هاوتەریب لەگەڵ دابەشکردنی کارتەکان، ئەم هەنگاوانەی بنایە:
ناچارکردنی شوێنە بازرگانییەکان: چۆن دەکرێت مۆڵێکی گەورە یان نەخۆشخانەیەکی ئەهلی ئامێری (POS)ی نەبێت؟ دەبوایە مەرجی نوێکردنەوەی مۆڵەت بۆ هەر کاسبکارێک بوونی ئامێری خوێندنەوەی کارت بێت.
کەمکردنەوەی باج بۆ بەکارهێنانی ئەلیکترۆنی: بۆ هاندانی کاسبکاران و هاوڵاتیان، دەبوایە هەر مامەڵەیەک بە کارت بکرێت، باجەکەی کەمتر بێت یان داشکاندنی بۆ بکرێت، نەک وەک ئێستا خاوەن دوکانەکان بەهۆی ترس لە باج، ئامێرەکان بشارنەوە. هەستم کردووە لە هەندێک پڕۆژە جێبەجێیان کردووە، بۆ نمونە لە ePsuleی پارەدانی وەزارەتی کارەبا جێبەجێیان کردووە، بەڵام لەپاش چی!
ڕێکخستنی عمولە (Transaction Fees): زۆرێک لە کاسبکاران لەبەر زۆری ڕێژەی عمولەی بانکەکان ئامادە نین POS دابنێن. حکومەت دەبێت دەست وەربدات و ئەم ڕێژەیە کەم بکاتەوە.
لە کۆتایدا، پرۆژەی هەژماری من تا ئێستا تەنها پرۆسەی “گواستنەوەی پارە”ی دیجیتاڵ کردووە، نەک “خەرجکردنی پارە”. تا ئەو کاتەی هاوڵاتییەک یان موچەخۆرێک بتوانێت بە کارتەکەی دەستی کیلۆیەک تەماتە بکڕێت یان پارەی پاس و تاکسی بدات، ئەم پرۆژەیە تەنها گواستنەوەی قەرەباڵغییە لە بەردەم پەنجەرەی بانک و فەرمانگەکان بۆ بەردەم شاشەی ATMـەکان.
تەکنەلۆژیا بۆ ئەوەیە ژیان ئاسان بکات، نەک هاوڵاتی و موچەخۆر ناچار بکات لە ژێر باران و گەرمادا بۆ چەندین کاتژمێر چاوەڕێی دەرهێنانی مافی خۆی بێت. چارەسەر زیادکردنی ژمارەی ATM نییە، چارەسەر نەهێشتنی پێویستییە بە ATM و باشترکردنی ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنییە.
فەرهەنگی زاراوەکان:
POS (Point of Sale):
بە کوردی دەکرێت پێی بڵێین “خاڵی فرۆشتن”. بریتییە لەو ئامێرە بچووکەی کە لە مارکێت، چێشتخانە، و دوکانەکاندا دەبینرێت و ڕێگەت دەدات لە ڕێگەی کارتەکەتەوە پارەی کاڵاکان بدەیت، بەبێ ئەوەی پێویستت بە پارەی کاش (تەڕ) هەبێت.

ATM (Automated Teller Machine):
ئامێری ئەلیکترۆنی ڕاکێشانی پارە. بریتییە لەو ئامێرە گەورانەی کە لە بەردەم بانک و شوێنە گشتییەکان دانراون و بەکاردێن بۆ دەرهێنانی پارەی کاش لە هەژمارەکەتەوە.
Transaction Fee:
کرێی مامەڵە (عمولە). ئەو بڕە پارە کەمەیە کە بانک یان کۆمپانیای خاوەن کارتەکە لێت دەبڕێت (یان لە فرۆشیار) لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەکی ڕاکێشان یان ناردنی پارە.
Liquidity:
نەختینە (سیولە). لەم بابەتەدا مەبەست لێی بوونی بڕی پێویستی پارەی کاشە لەناو ئامێرەکانی ATM یان بانکەکاندا، بۆ ئەوەی کاتێک هاوڵاتییەک دەچێت پارە ڕابکێشێت، ئامێرەکە پارەی تێدا بێت.
FinTech:
کورتکراوەی (Financial Technology)ـە، واتە تەکنەلۆژیای دارایی. بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، ئینتەرنێت، و ئەپڵیکەیشنەکان بۆ ئاسانکردن و خێراکردنی کاروباری بانکی و دارایی، وەک پرۆژەی هەژماری من و ئەپڵیکەیشنەکانی پارەدان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!