بابەتی گرینگ
25, شوبات 2026
کۆتایی چاوەڕوانییەکان: زنجیرەی Galaxy S26 بەتایبەتمەندی نایابەوە نمایشکرا (نوێکرایەوە و نرخ زیادکرا)

ئەگەر پێت وابوو جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان گەیشتووەتە لوتکە و هیچ شتێکی نوێ نەماوە بۆ سەرسامبوون، ئەوا سامسۆنگ لێرەیە بۆ ئەوەی پێت بڵێت: “هێشتا زووە!” ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥ی شوبات، کۆمپانیای سامسۆنگ لە کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەیدا، زەوی لەژێر پێی ڕکابەرەکانیدا هەژاند و بە فەرمی پەردەی لەسەر خێزانی Galaxy S26 و نەوەی نوێی بیستۆکەکانی لادا. ئەمساڵ تەنها قسە نییە لەسەر “باشترکردنێکی کەم”، بەڵکو باس لە شۆڕشێکی گەورەیە لە ڕوونمای پارێزراو، توانای لەڕادەبەدەری کامێرا، و زیرەکی دەستکرد. با پێکەوە بچینە ناو وردەکارییەکانەوە.
پاشای بێ ڕکابەر: Galaxy S26 Ultra
سامسۆنگ باشترینەکانی خۆی لەم ئامێرەدا کۆکردووەتەوە، کە دەتوانین بڵێین بووەتە پێوەرێکی نوێ بۆ مۆبایلە ئاست بەرزەکان.
پێکهاتەیەکی پتەوتر و کێش کەمتر: لە پێکهاتەدا ئەم نەوەیە لەڕووی پێشەوە بە Corning Gorilla Armor 2 ڕووپۆشکراوە و زۆر بەرگەگرە و ئەمساڵ چوارچێوەکەی کراوەتە ئەلەمنیۆمی Armor کە بەهێزە و یارمەتی مۆبایلەکە دەدات گەرمی زیاتر بچێتە دەرەوە و لە هەمان کاتدا کێشیشی کەمتر کراوەتەوە. ئەمە و بوونی سیستەمێکی نوێی ساردکردنەوە بۆ چوستیەکی نایابتر لەکاتی دۆخی قورس و سەختدا.

ڕوونمایەک کە تەنها بۆ چاوەکانی تۆیە: ڕوونما زەبەلاحەکەی بە قەبارەی ٦.٩ ئینج (Dynamic AMOLED 2X و QHD+) دێت، بەڵام ئەوەی شۆکهێنەرە ناساندنی یەکەمین ڕوونمایە لە جیهانی مۆبایلدا کە خاوەنی تایبەتمەندی (Privacy Display)ـە! هیچی تر کەس ناتوانێت لە تەنیشتتەوە شاشەکەت بخوێنێتەوە، چونکە پاراستنی تایبەتمەندێتی گەیشتووەتە ئاستی پیکسڵەکان! بێگومان، قەڵەمی ئەفسانەیی S Penـیش ئامادەیی هەیە.
شۆڕشی وێنەگرتن لە تاریکیدا: کامێرا سەرەکییەکەی ٢٠٠ مێگاپیکسڵە، بەڵام ئەمجارەیان بە ڕێژەی ٤٧٪ ڕووناکترە! ئەوەی وێنەگران شێت دەکات، کامێرا گۆشە فراوانەکەیەشی ٥٠ مێگاپیکسڵ، لەگەڵ دوو زوومی تێلەفۆتۆ، ١٠ مێگاپیکسڵ بۆ 3x، وە ٥٠ مێگاپیکسڵ بۆ 5x کە کوالێتی زوومی ئۆپتیکاڵی تا ١٠ هێندە دەدات، کە ٥٠ مێگاپیکسڵیەکەی %٣٧ ڕووناکترە. بێگومان ئەو زیادکردنە لە ڕێژەی ڕووناکیدا زۆر هاوکارە لە چرکاندنی وێنەی ئاستبەرز لە دۆخێک کە ڕووناکی کەم بێت، بۆ نمونە لە شەودا.

هێزێک کە سنوور ناناسێت: دڵی ئەم مۆبایلە پڕۆسێسەری Snapdragon 8 Elite Gen 5 (٣ نانۆمەتر) لێدەدات. ئەنجامەکە؟ کارایی زیرەکی دەستکرد (NPU) بە ڕێژەی ٣٩٪، و توانای گرافیک (GPU) بە ڕێژەی ٢٤٪ فڕیوە! هەموو ئەمانەش بە پاترییەکی زەبەلاحی ٥٠٠٠ میلی ئەمپێرەوە پاڵپشتی دەکرێن کە ئێستا بە تەکنەلۆژیای نوێی بارگاویکردنەوەی Super Fast Charging 3.0 بارگاوی دەبێتەوە و بە ٣٠ خولەک ڕێژەی بارگاویکردنەوەی دەیگەیەنێت بە %٧٥ و خێرایی بارگاویکردنەوەی بووەتە ٦٠ وات.

ئەم مۆبایلە بە ڕەنگی سپی و ڕەش و مۆر و شینی ئاسمانی و Silver Shadow و Pink Gold بەردەست دەبێت.

ژیری دەستکرد لە ئاستێکی باڵا: لەم نەوەیە سامسۆنگ زیاتر ژیری دەستکردی Galaxy AI لەگەڵ OneUI تێکهەڵکێش کردووە و ئەوەی سەرەنجی ئێمەی ڕاکێشا، ئێستا لەناو گەلەری ڕاستەوخۆ دەتوانیت بەبێ سنور بەتەنها نوسین چیت ویست لە وێنەکەت بیگۆڕە و دەستکاری بکە، واتا کە تۆ جێمنای بەکاربهێنێت، ئەوا نانۆبەنانە بە سنورداری بەردەستە بەخۆڕایی تا دەستکاری وێنەی پێ بکەیت، بەڵام لە گالەکسی بێ سنور دەتوانیت دەستکاری وێنەکانی پێ بکەیت.
Screenshot
جوانی و کارایی لە یەک جەستەدا: Galaxy S26 و S26 Plus

بۆ ئەوانەی مۆبایلێکی شیک و بەهێزیان دەوێت بە قەبارەیەکی گونجاوتر، سامسۆنگ دوو بژاردەی ئاڵتوونی خستووەتە ڕوو:
گالەکسی S26 بە ڕوونمای ٦.٣ ئینج و جۆری پڵەس بە ڕوونمای ٦.٧ ئینج دێت. بەهۆی تایبەتمەندییەکانی وەک ProScaler و mDNIe، ڕەنگەکان چوار هێندە وردتر و زیندووتر دەردەکەون.
لەڕووی کامێراوە، هەردوو مۆبایلەکە خاوەن کامێرایەکی سەرەکی ٥٠ مێگاپیکسڵی زۆر پێشکەوتوون، لەگەڵ کامێرایەکی ١٢ مێگاپیکسڵی فراوان و زوومی ئۆپتیکاڵی ٣ هێندە، کە وات لێدەکات لە هەموو بارودۆخێکدا وێنەی نایاب بچرکێنیت.
ئەم مۆبایلانە لە کوردستان و عێراق بەچیپی Exynos 2600ی نوێ (بە تەکنەلۆژیای ٢ نانۆمەتری سەرسوڕهێنەر) بەردەست دەبن و پاترییەکانیشیان گەورەتر کراون؛ ٤٣٠٠ میلی ئەمپێر بۆ S26 و ٤٩٠٠ میلی ئەمپێر بۆ S26 Plus.
پوختەی تایبەتمەندییەکانی زنجیرەی گالەکسی ئێس 26

نرخی زنجیرەکە بەم شێوەیە دەبێت (لەگەڵ ئەوەی نرخ بڵاوکرایەوە، لێرە زیاد دەکرێت):
- نرخی داواکاری پێشوەختە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی ٢ دەست پێدەکات و لە ڕێکەوتی ١٨ی ٣ کۆتایی دێت.
ئەمانە نرخی داواکاری پێشوەختەن لەسەر ماڵپەڕی فەرمی سامسۆنگ
- Ultra 512GB > 2300000
Ultra 1TB > 2710000
S26 512GB > 1587000
S26 Plus 512GB > 1871000
کرتە بکە بۆ کردنەوەی سایتی سامسۆنگ و داواکردنی پێشوەختە.
بریکارەکانی سامسۆنگ لە کوردستان و عێراق ئەم نرخانەیان داناوە:
Ultra 256GB > 1,800,000
Ultra 1TB > 2,490,000
Ayn Alfahd S26 256GB > 1,190,000
Jibal Zone S26 256GB > 1,271,000
S26 Plus 512GB > 1,700,000
بە ڕاگەیاندنی ئەم زنجیرە نوێیە، سامسۆنگ جارێکی تر سەلماندی کە تەنها بەدوای ترێندەکانەوە نییە، بەڵکو خۆی ترێندەکان دروست دەکات. لە ڕوونمای دژە-سیخوڕییەوە تا وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ و هەنگاوی گەورە لە ژیری دەستکرد، زنجیرەی S26 هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو داهاتوو.
ئێوە چی دەڵێن؟ کام لەم تایبەتمەندییە نوێیانە زیاتر سەرنجی ڕاکێشان؟
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!