ئاسایشی ئەلیکترۆنی 23, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ و گووگڵ ئەپی ToTok ـیان سڕیەوە بە هۆی ئەوەی لە لایەن ئیماڕاتەوە وەکو ئامرازی سیخوڕیکردن بەکاردەهات

نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی The New York Times ئاشکرای دەکات کە ئەپی نامەبەری بەناوبانگی ToTok لە لایەن دەوڵەتی شانشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیماڕات) ـەوە وەکو ئامرازێکی سیخوڕیکردن بەکاردەهێندرێت. ئەپڵ و گووگڵیش ئەپەکەیان لە کۆگاکانیاندا سڕییەوە.

ئەپی ToTok ـی تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی نامە، لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا بەردەستکرا و لە لایەن ملیۆنان بەکارهێنەری دەوڵەتی ئیماڕاتەوە داگیراوە، بە هۆی ئەوەی لەو دەوڵەتەدا ئەپە نامەبەرەکانی وەک واتسئەپ و سکایپ قەدەغە کراون. ئەپەکە لە ژێر درووشمی “خێرا، خۆڕایی و پارێزراو” ـدا بەردەست کراوە و مەبەست لێی بەستنەوەی بەکارهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چواردەوریەتی، تەنانەت هەفتەی ڕابردوو یەکێک بوو لە ئەپە کۆمەڵایەتییە زۆرترین داگیراوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

بەڵام پێگەی The New York Times ئاشکرای کردووە کە دەوڵەتی ئیماڕات لە ڕێگەی ئەو ئەپە نامەبەرەوە، سیخوڕی بەسەر دانیشتوانییەوە کردووە. بەمەش هەریەکە لە نامە، وێنە، ڤیدیۆ و تەنانەت شوێنە هاوبەشیپێکراوەکانی بەکارهێنەران لە نێو ئەپە نامەبەرەکەدا چوونەتە دەستی دەزگای هەواڵگری ئیماڕاتەوە.

هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ئەپڵ و گووگڵیش، ئەپە نامەبەرەکەیان لە کۆگای ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەیدا سڕییەوە و چیدیکە بەردەست نابێت بۆ داگرتن.

هەروەها پێگەی The New York Times ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە خاوەندارێتی ئەپی ToTok دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای Breej Holding، ئەو کۆمپانیایەی کە لە پشتی دەزگای سایبەر سیکیوریتی DarkMatter ـی ئەبو زەبییەوەیە. ئەپەکەش ڕاستەوخۆ پەیوەست کراوە بە دەزگای Pax AI، کە زانیارییەکان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیماڕات هاوبەشی پێ دەکات.

هەر بۆیە ئەگەر پێشووتر ئەپەکەت داگرتبوو و تاوەکو ئێستا لە نێو ئامێرەکەتدا ماوە، بە زووترین کات بیسڕەوە، چونکە پارێزراو نییە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ