Open AI 4, ئازار 2026

وەشانی ChatGPT 5.3 Instant بە چاکسازی لە وردی وەڵام و گەڕان لە ئینتەرنێت ڕاگەیاندرا

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) وەشانی GPT-5.3 Instantی ڕاگەیاند، کە نوێکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ چات جی پی تی بە مەبەستی باشترکردنی شێوازی گفتوگۆکردن و دروستی زانیارییەکانی مۆدێلەکە. ئەم نوێکردنەوەیە دوێنێ ٣ی ٣ی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە و بەتایبەتی چارەسەری سکاڵای بەکارهێنەران دەکات سەبارەت بە ڕەفتاری ئامۆژگاریکەرانە یان ئەملاوئەولاکردنی لە دەستپێکی گفتوگۆکان.

چی نوێ هەیە لە GPT-5.3

  • تۆنی سروشتی: نوێکردنەوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو پێشەکییانە کەمدەکاتەوە کە زۆر باسی ڕەوشت دەکەن یان دەستەواژەی زیادە بەکاردەهێنن. ئامانجەکە ئەوەیە کە ژیری دەستکردەکە زیاتر وەک هاوبەشێکی یارمەتیدەر دەربکەوێت نەک وەک سەرزەنشتکەرێک.

  • کەمبوونەوەی زانیاری هەڵە واتا وڕێنەکردن (Hallucinations): ئۆپن ئەی ئای ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی زانیاری هەڵە بە ڕێژەی ٢٦.٨٪ کەمبووەتەوە بۆ ئەو پرسیارانەی پشتبەستوون بە گەڕان لە ئینتەرنێت، هەروەها ١٩.٧٪ کەمبووەتەوە بۆ ئەو وەڵامانەی پشت بە زانیارییە ناوخۆییەکانی مۆدێلەکە دەبەستن.

  • پوختی و ڕاستەوخۆیی: ئێستا مۆدێلەکە گرنگی بە خێرایی و ناوەڕۆک دەدات، و ئامۆژگارییە زیادەکان و ئاگادارکردنەوە بێزارکەرەکان، بۆ نمونە “بوەستە. هەناسەیەک بدە” لادەبات کە پێشتر بەکارهێنەرانی بێزار دەکرد.

  • تێکەڵکردنی باشتری وێب: GPT-5.3 ئامانجییەتی زانیارییەکان باشتر ڕێکبخات لە ڕێگەی هاوسەنگکردنی زانیارییە ناوخۆییەکانی لەگەڵ ئەنجامەکانی گەڕان لە وێبدا، و مامەڵە لەگەڵ داتای ئۆنلاین دەکات وەک بەڵگەی پاڵپشتیکەر نەک تەنها پێدانی کۆمەڵێک بەستەر و لینک.

  • تواناکانی بریکاری (Agentic): ئەم بڵاوکردنەوەیە ڕاستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی وەشانی GPT-5.3 Codex دێت کە وەشانێکی تایبەتمەندە بۆ پەرەپێدانی نەرمەواڵە (بەرنامە)، ٢٥٪ خێراترە و توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی هەیە بۆ چەندین ڕۆژی لەسەریەک.

کەی بەردەست دەبێت؟

لە ئێستادا نوێکردنەوەی GPT-5.3 Instant بە قۆناغ بۆ هەموو بەکارهێنەرانی ChatGPT بەردەست دەکرێت و بۆ گەشەپێدەرانیش لە ڕێگەی API بە ناوی gpt-5.3-chat-latest بەردەستە.

تاگەکان ChatGPT5.3
بۆچونی تۆ