ئەگەر توێژەریت، خوێندکاریت، یان بەردەوام کار لەگەڵ سەرچاوە و بەڵگەنامەکاندا دەکەیت، بێگومان ناوی بەرنامەی زۆتێرۆ (Zotero)ت بیستووە. ئەگەریش نەتبیستووە، ئەوە لەمەودوا زۆتێڕۆ بناسە. ئەپێکی تەواو خۆڕایی و سەرچاوەکراوەیە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانت لەکاتی توێژینەوە و نوسینەکانت. لەپاش سەرکەوتنی وەشانی 7، ئێستا Zotero 8 بە فەرمی ڕاگەیاندراوە کە پڕە لە گۆڕانکاریی سەرنجڕاکێش و ئاسانکاریی گەورە بۆ بەکارهێنەران و توێژەران.
با سەرتان نەهێشینم و ئەمانە گرنگترین نوێکارییەکانی ئەم وەشانەن:
١. دیالۆگی نوێی دانانی سەرچاوە (Citation Dialog)

ئەو باڕە سوور و زەردەی پێشوو کۆتایی هات! ئێستا دیالۆگێکی یەکگرتوو و مۆدێرن هەیە کە بە دوو شێواز کاردەکات:
-
شێوازی لیستی (List mode): بۆ گەڕانی خێرا بەپێی ناونیشان، نووسەر یان ساڵ.
-
شێوازی کتێبخانە (Library mode): بۆ گەڕان بەناو فۆڵدەر و کۆلێکشنەکاندا.
هەروەها ئێستا دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ژمارەی لاپەڕە یان هەر زانیارییەکی تر ڕاستەوخۆ لەگەڵ دانانی سەرچاوەکەدا (Citation) بنووسیت.
٢. دەرکەوتنی تێبینییەکان لە لیستی سەرەکی (Annotations)
ئێستا هەر هایلایت یان تێبینییەک لەسەر پەڕگە PDF و EPUBـەکانت بنووسیت، ڕاستەوخۆ لە ژێر ناوی پەڕگەکە لە لیستی سەرەکی بابەتەکاندا دەردەکەون. دەتوانیت لێیان بگەڕێیت، تاگیان (Tag) بکەیت، یان ڕاستەوخۆ بۆ بەرنامەیەکی تر کۆپییان بکەیت. ئەمەش کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی زانیارییەکانت.

٣. ڕووکار و سیمی نوێ بۆ خوێندنەوە (Themes)
تایبەتمەندییەکی تری نایاب، زیادکردنی پانێڵی ڕووکارە (Appearance panel) لە کاتی خوێندنەوەدا. ئێستا چەندین سیمی ئامادەکراو هەن وەک تاریک (Dark)، بەفری (Snow)، و قاوەیی کاڵ (Sepia). تەنانەت دەتوانیت ڕەنگی باکگراوند و تێکستەکە بە دڵی خۆت بگۆڕیت بۆ ئەوەی چاوت کەمتر ماندوو بێت لە کاتی خوێندنەوەی درێژخایەندا.

٤. کردنەوەی تێبینییەکان لە شێوەی تابدا (Note Tabs)
لەبری ئەوەی تێبینییەکان (Notes) لە پەنجەرەیەکی جیاواز و بچووکدا بکرێنەوە و شاشەکەت قەرەباڵغ بکەن، ئێستا دەتوانیت لە شێوەی “تاب – Tab” (واتا وەک وێبگەڕەکان) بیانکەیتەوە. ئەمەش ژینگەیەکی پاک و بێ بێزارکردنت بۆ دەڕەخسێنێت بۆ نووسین و تەرکیزکردن.
٥. مۆدی خوێندنەوە بۆ وێبسایتەکان (Reading Mode)
کاتێک پەڕەی وێبسایتێک خەزن دەکەیت، زۆتێرۆ ٨ بە شێوازێکی زیرەکانە پەڕەکە ڕێکدەخاتەوە و ڕیکلام و شتە لاوەکییەکان لادەبات بۆ ئەوەی بە ئاسانی بیخوێنیتەوە و تەرکیزت تەنها لەسەر بابەتەکە بێت.
٦. گۆڕینی ناوی فایلەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی (Continuous File Renaming)
ئیتر پێویست ناکات بە دەست ناوی PDFـەکان ڕێکبخەیتەوە! هەر کاتێک ناونیشانی سەرچاوەیەک (Metadata) لە ناو زۆتێرۆ دەستکاری بکەیت، ڕاستەوخۆ ناوی فایلە PDFـەکەش لەناو کۆمپیوتەرەکەتدا خۆکارانە دەگۆڕێت و لەگەڵیدا یەکدەگرێتەوە.
٧. پێشکەوتنی زیاتر لە زیادکراوەی وێبگەڕ (Zotero Connector)
ئێستا کاتێک لەڕێگەی وێبگەڕەکەتەوە (وەک کرۆم یان سەفاری) سەرچاوەیەک زیاد دەکەیت، پەنجەرەی پاشەکەوتکردن ڕێگەت پێدەدات ڕاستەوخۆ “Tag” بنووسیت (کە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی تاگە کۆنەکانت بیردەخاتەوە) و تەنانەت دەتوانیت تێبینییەکیش (Note) ڕاستەوخۆ لەوێوە بنووسیت پێش ئەوەی زیادی بکەیت.
٨. مژدەیەک بۆ بەکارهێنەرانی لینوکس (ARM Linux)
زۆتێرۆ ٨ ئێستا بە فەرمی پشتگیری ئامێرەکانی ARM64 دەکات. ئەمە واتە ئەگەر کرۆمبووک (Chromebook)، ئامێرەکانی ڕاسپبێری پای (Raspberry Pi)، یان ماکەکانی ئەپڵ (بە سیستەمی لینوکسەوە) بەکاردەهێنیت، دەتوانیت بەبێ کێشە بەرنامەکە کارپێبکەیت.
چۆن دەستت بکەوێت؟
ئەگەر پێشتر زۆتێرۆت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت هەیە، دەتوانیت بچیتە مینیوی Help پاشان Check for Updates دابگریت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ نوێ ببێتەوە. ئەگەر تا ئێستاش بەکارت نەهێناوە، دەتوانیت بە خۆڕایی لە وێبسایتی فەرمی (Zotero.org) دایبەزێنیت. کرتە بکە بۆ داگرتن بۆ سیستەمی ویندۆز و ماک و لینوکس.
Zotero for Android
دابەزاندن
Zotero for iOS
دابەزاندن
شایەنی باسە، لەمەودوا لەماوەیەکی کەمتر و بەشێوەیەکی خێراتر وەشانی نوێی زۆتێڕۆ بەردەست دەکرێت. واتا لە ٦ بۆ ١٠ هەفتە جارێک وەشانی نوێ دێت و بەم زووانە بەتایبەتمەندی نوێوە زۆتێڕۆ ٩ و ١٠ بەردەست دەکرێت.
ئەم وەشانە نوێیە بەتەواوی شێوازی کارکردنت لەگەڵ سەرچاوەکاندا دەگۆڕێت و کاتێکی زۆرت بۆ دەگەڕێنێتەوە. تۆ کام لەم تایبەتمەندییانەت زیاتر بەدڵە؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ!