10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 2, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای شاومی نرخی کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color ـی ئاشکرا کرد

لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیەدا، کۆمپانیای شاومی کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color ـی بە ڕوونمایەکی بازنەییەوە ڕاگەیاند، بەڵام کۆمپانیاکە هیچی دەربارەی نرخ و بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی کاتژمێرە زیرەکەکەیەوە ئاشکرا نەکرد.

لە بڵاوکراوەیەکی هەژماری فەرمی کۆمپانیای شاومی لە تۆڕی Weibo ـی چینیدا، کۆمپانیا چینییەکە ئاشکرای کرد کە نرخی کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color بڕی 115$ (100€) دەبێت و لە کاتژمێر 10 ـی سەر لە بەیانی سبەینێوە (3-1) بە کاتی پایتەختی چین، لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 1.39 ئینج لە جۆری AMOLED و بە وردی نیشاندانی 454 بە 454 پێکسڵ. خاوەن زیاتر لە 110 ڕووکاری کاتژمێرە و تاوەکو 50 مەتر بەرگەگری بەرامبەر بە ئاو هەیە. پشتگیری لە پێوانەکردنی وەرزشەکان دەکات و خاوەن هەستەوەری تایبەتە بۆ خوێندنەوەی ترپەی دڵ و پێوانەکردنی خەوتن.

خاوەن تەکنەلۆژیاکانی GPS و NFC و Bluetooth 5.0 ـە و پاترییەکی هەیە بە توانستی 420 ملی ئەمپێر/کاتژمێر و بە یەکجار بارگاویکردنەوە تاوەکو 14 ڕۆژ توانای دەبێت کار بکات.

کاتژمێرە زیرەکەکە بە ڕەنگەکانی ڕەش و زیوی و ئاڵتونییەوە بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ