ئەی ئێم دی
19, تشرینی یەکەم 2023
ئەی ئێم دی بەهێزترین گرافیک کاردی خۆی بۆ لاپتۆپ نمایش کرد

کۆمپانیای AMD نوێترین و بەهێزترین گرافیک کاردی خۆی تایبەت بە لاپتۆپ بە ناوی AMD Radeon RX 7900M نمایش کرد. بە تەلارسازی RDNA 3 دیزاین کراوە و بە پێی وتەی کۆمپانیاکە بێت ئەم گرافیک کاردە خێراترین گرافیک کاردە بۆ لاپتۆپ لە جیهاندا. کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی گرافیک کاردەکە کارپێکردنی یارییەکانە بە ڕوونی 1440 پێکسڵ نەوەک 4K. هەروەها AMD تەکنەلۆژیای FSR 3 (FidelityFX Super Resolution) بەکار دەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی وێنەکان لە چرکەیەکدا هاوشێوەی تەکنەلۆژیای DLSS 3ی کۆمپانیای Nvidia. کۆمپانیاکە دەڵێت ئەم تایبەتمەندییەیان لەسەر یاری Starfield و Forspoken تاقی کردۆتەوە و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە.

16 گێگابایت میمۆری لە جۆری GDDR6 هەیە و پێویستی بە 180 وات وزە هەیە بۆ کار پێکردن، هەروەها 72 یەکەی هەژمارکردن (Compute unit) لە خۆ دەگرێت. ئەی ئێم دی دەڵێت گرافیک کاردە نوێیەکە دەتوانێت گرافیک کاردی RTX 4080 ببەزێنێت بە ڕێژەی %27 بۆ پێدانی بەرزترین وێنە لە چرکەیەکدا کە 62 وێنەیە لە چرکەیەکدا بۆ یاری Starfield بە ڕوونی 1440 پێکسڵ و کار پێ کردنی FSR2. هەروەها یاری Forspoken دەتوانرێت بە 201 وێنە لە چرکەیەکدا کاری پێ بکرێت ئەگەر تەکنیکی FRS3 کار پێ کرابێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.