هەواڵ
3, نیسان 2025
کۆنسوڵی Nintendo Switch 2 ڕوونمای 120 هێرتزی هەیە و پاترییەکەی بەرگەی 6.5 کاتژمێر دەگرێت
لە کۆتاییدا نێنتێدۆ زانیاری لەسەر تایبەتمەندییەکانی نەوەی دووەمی کۆنسوڵی Nintendo Switch بڵاو کردەوە. نرخی 449 دۆلار دەبێت و لە بەرواری 5ـی مانگی شەش بڵاو دەکرێتەوە.
توانای کارپێکردنی یارییەکانی بە ڕوونی 1080p و 120 وێنە لە چرکەیەکدا هەیە، یان 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا (لە کاتی پێوەلکانی بە Dock) هەیە.
هەروەها ڕوونماکەی لە جۆری LCD و قەبارەی 7.9 ئینجە و پشتگیری لە HDR دەکات. پاترییەکەی بەرگەی شەش کاتژمێر و نیو دەگرێت و بیرگەی 256 گێگابایتە.
دەسکەکانی (Joy Cons)، قەبارەیان گەورەترە و دەتوانرێت وەکو ماوس بەکار بهێنرێت لە هەندێک لە یارییەکان. هەروەها دوو دەرچەی USB-C هەیە بۆ بارگاوی کردنەوە و پێوەلکانی ئێکسسواراتەکان.

دەسکی Pro Controller نوێ کرایەوە و ئێستا دەرچەی جاکی هەیە و دووگمەی C لە خۆ دەگرێت، هەروەها لە بەشی پشتەوەی دوو دووگمەی نوێ بۆ زیاد کراوە بە ناوی GR و GL کە دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت وەکو قەدبڕ بۆ دووگمەکانی دیکە بەکارییان بهێنیت. نرخی 79 دۆلارە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ Nintendo Switch 2 بەردەست بکرێت.
هەروەها دووگمەیەکی نوێی هەیە بە ناوی C، بە پەنجەدان لە دووگمەکە پێڕستی Chat چالاک دەکرێت و لە ڕێگەیەوە دەتوانیت خۆت بێ دەنگ بکەیت لە GameChat و چەند کردارێکی دیکە ئەنجام بدەیت.
هەروەها ڕەنگی کارتی یارییەکان لە ڕەشەوە گۆڕدراوە بۆ سوور. پرۆسێسەرەکەی لە لایەن ئینڤیدیاوە دروست کراوە و پشتگیری لە WiFi 6 دەکات. کۆنسوڵەکە پشتگیری لە microSD Express دەکات، بەڵام پشتگیری لە microSD نەوەی ڕابردووی ناکات.
ئێستا لە ڕێگەی تایبەتمەندی GameShare دەتوانیت یارییەکان لەگەڵ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت هاوبەشی بکەیت و یارییەکان بکەن، لە هەمان کاتدا دەتوانیت لەگەڵ سێ کەسی دیکە یارییەکان هاوبەشی پێ بکەیت تەنانەت لەگەڵ نەوەی یەکەمی کۆنسوڵەکەش.

موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.