10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 18, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلی Google Pixel 4 دەتوانێت دەموچاوت بناسێتەوە لەو کاتانەشی کە چاوەکانت داخراون

ڕەنگە بزانیت، کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای گووگڵ هەریەکە لە مۆبایلەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL ـی ڕاگەیاند. بەڵام، کەلێنێک لە هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلە نوێیەکانی گووگڵ دۆزرایەوە کە توانای ئەوەی هەیە دەموچاوت بناسێتەوە لەو کاتانەی چاوەکانت داخراو بن.

بەڕێز Chris Fox لە تۆڕی BBC News ـی بەریتانی لە جریوەیەکدا لە تویتەر ئاشکرای کرد کە هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی مۆبایلەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL توانای ئەوەیان هەیە کە دەموچاوت بناسنەوە لەو کاتانەی کە چاوەکانت داخراو بن و قفڵی مۆبایلەکەت بکەنەوە. بۆ سەلماندنی ئەمە، Chris Fox ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە چاوی دادەخات و مۆبایلی Pixel 4 ـیش قفڵی دەموچاوی دەکاتەوە.

سەبارەت بە هەبوونی کەلێنی لەو جۆرە، کۆمپانیای گووگڵ لە پەڕەی پشتگیری ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا هەبوونی کەلێنێکی لەو جۆرەی لە مۆبایلەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL ـدا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هەستەوەری ناسێنەرەوەی مۆبایلەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL دەتوانن دەموچاوت بناسنەوە و قفڵی مۆبایلەکە بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر چاوەکانیشت داخراو بن.

بەهێزترین نموونە بۆ کردنەوەی قفڵ لە کاتی داخرانی چاوەکانت، خەوتنە، کە یەکێک دەتوانێت مۆبایلەکە لە دەموچاوت نزیک بکاتەوە و زۆر بە ئاسانی قفڵی مۆبایلەکەت بکاتەوە. کە ئەمەش لاوازترین خاڵی ئاسایشی مۆبایلە نوێیەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL ـە.

گووگڵ هەمان ئەو تەکنەلۆژیای ناسێنەرەوەی دەموچاوەی لە مۆبایلەکانی Pixel 4 و Pixel 4 XL ـدا بەکارهێناوە کە لە iPhone X و نوێتر بە ناوی Face ID ـییەوە بوونی هەیە. بەڵام بە پێچەوانەوە، هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن بەهێزترین ئاسایشن و توانای ناسینەوەی دەموچاوی نییە لە کاتی داخرانی چاوەکاندا.

پێدەچێت کۆمپانیای گووگڵ کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە بکات، ئەویش بە زیادکردنی بژاردەیەک بۆ ئەوەی کردنەوەی چاوەکان پێویست بکات بۆ کردنەوەی قفڵ.

سەرچاوە The Verge9To5Google
بۆچونی تۆ