ئەندرۆید
25, تشرینی یهكهم 2019
سامسۆنگ دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی وەشانی تاقیکاری Android 10 بۆ گالەکسی Note 10 و Note 10 Plus

لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕامانگەیاند کە بەمنزیکانە سامسۆنگ دەست دەکات بە ڕەوانەکردنی وەشانی تاقیکاری Android 10 بۆ مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10 و Note 10 Plus، لە کۆتایدا سامسۆنگ کارەکەی بە ئەنجام گەیاند.
وەشانە نوێیەکە وەشانی ژمارە 2.0 ـی ڕووکاری OneUI ـی بنچینەکراو لەسەر Android 10 ـە و لە دۆخی تاقیکاریدایە. ژمارەی وەشانە نوێیەکە بریتییە لە N975FXXU1ZSJF و قەبارەی 1.7 گێگابایتە. وەشانە نوێیەکە خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕانکارییەکانی ڕووکاری وەکو؛ بچووککردنەوەی نیشاندەری دەنگ، زیادکردنی Dark Mode بۆ پەڕەی ماڵەوە و زیادکردنی دۆخی سەرنج (Focus Mode) و زیاتر. هەروەها سامسۆنگ چارەسەری کەلێنی هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای مۆبایلەکەی کردووە کە بە پەنجەی هەموو کەسێک قفڵی مۆبایلەکە دەکرایەوە.

لە ئێستادا وەشانە نوێیەکە تەنها بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10 و Note 10 Plus لە وڵاتی ئەڵمانیا بەردەست کراوە و بەمنزیکانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی مۆبایلە ناوبراوەکان لە جیهاندا بەردەست دەکرێت.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان:
- کردنەوەی ئەپی Settings.
- کردنەوەی بەشی Software update.
- کرتە کردن لە Download and install.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.