10
مۆبایل و تابلێت 2, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ڕەنگە دیزاینی تابلێتی داهاتووی هواوەی هاوشێوەی iPad Pro ـی ئەپڵ ببێت

هواوەی و هاوشێوەکانی ناوەستن لە لەبەرگرتنەوەی دیزاینی بەرهەمەکانی ئەپڵ. سنوورەکانی لەبەرگرتنەوەی بەرهەمەکانی ئەپڵ خەریکە بە تەواوەتی ئایپادیش دەگرنەوە.

پێگەی 91Mobiles کۆمەڵێک ڕێندەری دزەپێکراوی تابلێتی داهاتووی کۆمپانیای هواوەی چینی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا دیزاین و ناو و هەبوونی هەندێک تایبەتمەندی پشتڕاست کردۆتەوە. بە پێی پێگەکە بێت، تابلێتە نوێیەکەی هواوەی ناوی Huawei MatePad Pro دەبێت و دیزاینی زۆر لە iPad Pro ـی ئەپڵ دەچێت. وێنەکان نیشانی دەدەن کە تابلێتەکە خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما دەبێت کە کامێرای پێشەوەی تێدا جێگیر دەکرێت. هەروەها تەختەکلیلی زیرەکی لەگەڵدا دەبێت، نازاندرێت کە تەختەکلیلەکە هاوشێوەی Smart Keyboard Folio ـی ئەپڵ دەبێت و لە نێو پاکەتدا بوونی دەبێت یان نا.

وا دیارە قەڵەمی زیرەکی لەگەڵدا دەبێت و لە پشتەوە خاوەن 2 کامێرای ئاست بەرز و دەرچەی جۆری USB-C دەبێت. بە هۆی ئەوەی کە خاوەن هیچ دوگمەیەک نابێت لەسەر ڕوونماکەی، ڕەنگە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما یاخود هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاو ببێت.

چاوەڕوان دەکرێت تابلێتەکە پڕۆسێسەری Kirin 990 ـی لەسەر جێگیر بکرێت و خاوەن ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 256 گێگابایت و پاترییەکی فراوان ببێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ