10
ئای ئۆ ئێس 5, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ئەپی نوێی Office لە iOS و Android ئەپەکانی Word و Excel و PowerPoint لە خۆیدا کۆدەکاتەوە

دوێنێ (5 – 11) کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئەپێکی نوێی Office ـی بۆ iOS و Android ئاشکرا کرد. لەو کاتەوەی کە بۆ چەند ساڵێکە ئەپەکانی Word و Excel و PowerPoint بە جیا بۆ iOS و Android بەردەستن، ئەم ئەپە نوێیەی Office هەر سێ ئەپە ناوبراوەکە لە نێو خۆیدا کۆدەکاتەوە و دەتوانرێت لە ڕێگەی یەک ئەپەوە، هەرسێکیان بەدەست بهێندرێن.

ئەپەکە توانای هەیە دواین بەڵگەنامە کراوەکان نیشان بدات و توانای سکان کردنی نووسینەکانیشی هەیە لە ڕێگەی کامێراوە. پێگەی The Verge دەڵێت بۆ چەند ڕۆژێکە ئەپی تاقیکاری Office بەکاردەهێنن و دەڵێن وا دیارە لە کۆتایدا مایکرۆسۆفت کارە ڕاستەکەی ئەنجامداوە و سەرکەوتوو بووە لە کۆکردنەوەی ئەپەکانی Word و Excel و PowerPoint لە یەک ئەپدا.

لە پاڵ ئەوەشدا، ئەپەکە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی هەریەکە لە ئەپەکانی Word و Excel و PowerPoint لەخۆ دەگرێت و تایبەتمەندی دیکەشی بۆ زیادکراوە. هەروەها خاوەن دیزاینێکی نایابە. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە گۆڕینی وێنە بۆ نووسین، سکان کردنی وێنەکان لە پەڕگە PDF ـەکان، سکان کردنی کۆدە QR ـەکان.

لە پاڵ هەبوونی ئەو تایبەتمەندییانەوە، ئەپی نوێی Office خاوەن وێنۆچکەیەکی نوێیە کە بەشێکە لە دیزاینەکانی سیستەمی Fluent Design ـی مایکرۆسۆفت، هەمان ئەو تەکنیکەی کە بۆ وێنۆچکە نوێیەکانی Office بەکارهاتبوون. وێنۆچکە نوێیەکە ڕەنگاوڕەنگترە و ژمارەیەک ڕەنگی پڕتەقاڵی تێدا بەکارهاتووە، بەڵام هەمان شێوازی Office دەنوێنێت.

لە ئێستادا ئەپەکە بە شێوەی تاقیکاری بۆ سیستەمەکانی iOS و Android بەردەستە و بەمنزیکانە بە شێوەی گشتی بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت. کرتە لە دوگمەکانی خوارەوە بکە ئەگەر دەتەوێت ئەپەکە تاقی بکەیتەوە.

  • وەشانی تاقیکاری Office
    دابەزاندن
  • وەشانی تاقیکاری Office
    دابەزاندن
  • بۆچونی تۆ