ئۆتۆمبێل 24, تشرینی دووه‌م 2019

تاوەکو ئێستا 146,000 داواکاری پێشوەختە بۆ کڕینی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ئەنجامدراوە

لە هەینی ڕابردوودا، کۆمپانیای Tesla ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ـی بە نرخی دەستپێکی 39,900$ ـەوە ڕاگەیاند. داواکارییە پێشوەختەکان بۆ کڕینی بارهەڵگرە کارەباییەکە سنووری پێشبینییەکانی تێپەڕکرد.

لە جریوەیەکدا، ئیڵۆن مەسک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Tesla، ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 146,000 داواکاری پێشوەختە بۆ کڕینی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ئەنجام دراوە. هەرچەندە جۆری تاک بزوێنەری بارهەڵگرە کارەباییەکە خاوەن کەمترین نرخ بوو کە نرخی تەنها 39,900$ بوو، بەڵام خواستی زۆر کەم بوو و تەنها ڕێژەی 17% ـی ئەو ژمارە داواکارییە پێشوەختەیە دەگرێتەوە. جۆری دوانە بزوێنەری بارهەڵگرە کارەباییەکە خاوەن بەرزترین ئاستی خواست بووە و ڕێژەی 42% ـی ژمارەی داواکارییە پێشوەختەیە دەگرێتەوە. هەرچی دەربارەی جۆری سیانە بزوێنەری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەیە، ڕێژەی 41% ـی ژمارەی داواکارییە پێشوەختەیە دەگرێتەوە، کە چاوەڕوان نەکراو بوو، بە هۆی نرخە بەرزەکەیەوە.

ئۆتۆمبێلی کارەبایی Model 3 ـی کۆمپانیای Tesla توانی بگات بە 232,000 داواکاری پێشوەختە بۆ کڕین لە یەکەم ڕۆژی نمایشکردنیەوە. لە کاتێکدا کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە خاوەن دیزاینێکی زۆر جوانتر بوو لە چاو بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ـەوە، بەڵام نرخی کەمێک کەمتر بوو. بۆ ئەنجامدانی داواکاری کڕینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Model 3، دەبووایە بڕی 1,000$ ـت بدایە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی داواکاری کڕینی پێشوەختەی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck، پێویست دەکات بە تەنها بڕی 100$ بدەیت.

داواکارە پێشوەختەکانی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck زۆر لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە، چونکە لە ساڵی 2021 ـدا دەست بە بەرهەمهێنانی بارهەڵگرە کارەباییەکە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ساڵێک دواتر و لە 2022 ـدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە Engadget
بۆچونی تۆ