ئای ئۆ ئێس 5, كانونی دووه‌م 2020

بەمزووانە بەکارهێنەرانی لاپتۆپەکانی Dell دەتوانن کارلێکی ڕاستەوخۆ بکەن و ڕوونمای ئایفۆنەکانیان بگوازنەوە بۆ لاپتۆپەکان

بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەرەکانی ماک، دەتوانن زۆر بە ئاسانی کارلێکی ڕاستەوخۆی زانیارییەکان لەگەڵ ئایفۆنەکانیاندا درووست بکەن و ڕوونمای مۆبایلەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر کۆمپیوتەرەکانیان، بەڵام بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەرەکانی ویندۆز هەرگیز توانایان نەبووە ئەوانە ئەنجام بدەن. وا دیارە کۆمپانیای Dell هەڵساوە بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەوە.

کۆمپانیای Dell ڕایگەیاند کە وەشانی داهاتووی ئەپی Mobile Connect ـی تایبەت بە لاپتۆپەکانی کۆمپانیاکە بۆ کارلێکی ڕاستەوخۆی زانیارییەکان و گواستنەوەی ڕوونمای ئامێرەکانی Android، پشتگیری لە کارلێکی ڕاستەوخۆی زانیارییەکان و گواستنەوەی ڕوونمای ئامێرەکانی iOS بۆ لاپتۆپەکانی دەکات. بەمەش بەکارهێنەرانی ئایفۆنەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاودەمی زانیارییەکانیان بکەن و ڕوونمای مۆبایلەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕوونمای لاپتۆپەکانی Dell بگوازنەوە.

بە پێی ڤیدیۆیەکی ماڵپەڕی فەرمی Dell، گواستنەوەی ڕوونمای ئایفۆنەکان بۆ لاپتۆپەکانی Dell بە شێوەیەکی زۆر ناوازە کار دەکات، ڕاستەوخۆ دەتوانیت ئەپەکان بەکاربهێنیت لە لاپتۆپەکەدا، هەر وەک چۆن لە مۆبایلەکەدا بەکاریانی دەهێنیت.

تەنانەت لەمەودوا بەکارهێنەرانی ئایفۆنەکان دەتوانن ئاگادارکەرەوەکانی مۆبایلەکە لە لاپتۆپەکەدا بەدەست بهێنن و ڕاستەوخۆ لە ئەپی Mobile Connect ـی لاپتۆپەکانەوە وەڵامی کورتەنامەکانیش بدەنەوە.

ڕوون نییە کە ئەم پشتگیرییە نوێیەی ئەپەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەپڵدا زیاد کراوە یاخود بە تەنها لە لایەن Dell ـەوە بووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی بەکارهێنەرانی ویندۆز.

وەشانی نوێی ئەپی Mobile Connect بە هەبوونی پشتگیری کارلێکی ڕاستەوخۆی زانیارییەکان و گواستنەوەی ڕوونمای ئایفۆنەکان لە بەهاری ئەمساڵدا بۆ هەریەکە لە لاپتۆپەکانی Dell XPS و Inspiron و Vostro و Alienware ـی کۆمپانیای Dell لەسەر Windows 10 بەردەست دەبێت.

سەرچاوە The Verge9To5Mac
بۆچونی تۆ