تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 4, كانونی یه‌كه‌م 2019

لەمەودوا ئینستەگرام داوای ڕێکەوتی لەدایکبوون دەکات لە کاتی درووستکردنی هەژماردا

هەر وەک دەزانیت، بە دەگمەن تۆڕ هەیە کە داوای ڕێکەوتی لەدایکبوون نەکات لە کاتی درووستکردنی هەژماردا، ئینستەگرامیش یەکێک بوو لەو تۆڕانە، بەڵام چیدیکە بەو شێوەیە نامێنێتەوە.

کۆمپانیای ئینستەگرامی سەر بە فەیسبووک ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دەست دەکات بە داواکردنی ڕێکەوتی لەدایکبوون لەو کەسانەی کە هەژماری نوێ لە تۆڕەکەدا درووست دەکەن. ڕێکەوتی لەدایکبوون شاردراوە دەبێت و بەکارهێنەرانی دیکە توانای بینینیان نابێت، هەروەها لەمەودوا پێویست دەکات تەمەنت 13 ساڵ یاخود زیاتر بێت بۆ درووستکردنی هەژمار لە ئینستەگرامدا.

سەبارەت بەو بەکارهێنەرانەی کە لە ئێستا و ماوەیەکی درێژ لە ڕابڕدوودا هەژماریان لە تۆڕەکەدا هەبووە، لە ئێستادا پێویست ناکات ڕێکەوتی لەدایکبوونیان تۆمار بکەن و داوا نەکراوە، بەڵام بێگومان لە داهاتوودا ئەو پڕۆسەیە ئەم بەکارهێنەرانەش دەگرێتەوە.

مەبەست لە داواکردنی ڕێکەوتی لەدایکبوون لە لایەن ئینستەگرامەوە لە بەکارهێنەرە نوێیەکان، بە مەبەستی پارێزگاریکردنی سەرهێڵی و ئاسایشییە. پێدەچێت لە لایەن دەزگای پارێزگاری زانیارییە گشتییەکان (GDPR) داواکاری زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە لە فەیسبووک کرابێت.

یەکێک لە کردارەکانی ئەم داواکردنی ڕێکەوتی لەدایکبوونە، ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەرە لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا.

هەر لەگەڵ زیادکردنی ئەم داواکارییەوە، لەمەودوا ئینستەگرام ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات ڕێگری لە ناردنی نامە لە لایەن ئەو کەسانەوە بکرێت کە فۆڵۆوت نەکردوون.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ