بابەتی گرینگ 10, تشرینی یه‌كه‌م 2021

ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن؛ پیرۆزبێت یەک دەیە لە خزمەت بە تەکنەلۆژیا

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کەی ئای تی ئێن چونکە ئەمڕۆ تۆڕەکەمان تەمەنی 10 ساڵە و ئەمەش دەکاتە یەک دەیە لە خزمەت. لێرەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەی هاندەر و میوانی بەردەوامی کەی ئای تی ئێن دەکەین. دەخوازین لەم خزمەتە بەردەوام بین و هەرچۆنێک بێت بە دێرێکیش بێت ڕۆژانە زانیاری نوێ و هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی بواری تەکنەلۆژیا بۆ ئێوە بگوازینەوە.

تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی ناسراو بە کەی ئای تی ئێن Kitn، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ و لە 10ی 10ی 2011 دامەزرا و دەستی کرد بە کاروچالاکییەکانی لە بواری تەکنەلۆژیا لە کوردستان. لەم ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە ڕێک دەکاتە ١٠ ساڵ، ئێمە لە خزمەت نەوەستاوین و بگرە بە خۆشحاڵییەوە چەندین گۆڕانکاری ڕیشەییمان لە بواری تەکنەلۆژیا بەرپاکرد، بەجۆرێک ئێستا ئەوانەی کە دێنە ناو بوارەکە یان هاتوونەتە ناوی و کەناڵ و پەڕ و ماڵپەڕ دادەمەزرێنن سود لە ئەزموونی چەند ساڵەی کەی ئای تی ئێن وەردەگرن و لە قسە و نوسین و شێوازی کارکردنیاندا پێوەی دیارە کە سودمەندبوون لە ئەزموونی ئێمە. بێگومان ئەمە جێگەی شانازییە و بەمە دەگوترێت بوونی جێ پەنجە لە خزمەتکردندا.

لە ڕاستیدا، ئەوەی گرنگە پاڵشتی ئێوەیە تاوەکو ئێمەش بتوانین بەردەوام بین. بێگومان لێرەشەوە دەیڵێین کە تۆڕەکەمان سەربەخۆیە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە. بۆیە تۆش ئەگەر دەتەوێت خزمەت بکەیت وەکو ئێمە، ئەوا دەرگای کەی ئای تی ئێن واڵایە و دەتوانین بابەت و نوسین و وتارەکانت بنێریت بەلەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆکێکی ئاست بەرز و دروست لە ڕووی ڕێزمانی و داڕشتن و خاڵبەندییەوە و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵاوی دەکەینەوە.

دوبارە پیرۆزبێت ئەم ڕۆژە مێژووییە و هەمیشە گەشاوەبێت تاکە تۆڕی باوەڕپێکراوی تەکنەلۆژی لە کوردستان

 

سەردار عبدالله

بەڕێوەبەری گشتی و هاودامەزرێنەری کەی ئای تی ئێن

بۆچونی تۆ