گووگڵ 27, شوبات 2020

لەمەودوا خزمەتگوزاری نەخشەیی Google Earth پشتگیری لە ژمارەیەک وێبگەڕی دیکەش دەکات

لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 ـەدا بۆ یەکەمجار کۆمپانیای گووگڵ خزمەتگوزاری نەخشەیی Google Earth ـی بۆ وێبگەڕی Google Chrome وەکو یەکەم وێبگەڕ بەردەستکرد، ئێستا خزمەتگوزارییەکە بۆ وێبگەڕی زیاتر بەردەستە.

کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە خزمەتگوزاری نەخشەیی Google Earth بۆ هەریەکە لە وێبگەڕە جیاوازەکانی Firefox و Edge و Opera بەردەستە. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، خزمەتگوزارییەکە تاوەکو ئێستا پشتگیری وێبگەڕی Safari ـی ئەپڵی بۆ زیاد نەکراوە، بەڵام گووگڵ دەڵێت لە ئایندەیەکی نزیکدا پشتگیری خزمەتگوزارییەکە بۆ وێبگەڕەکەی ئەپڵیش زیاد دەکەن. گووگڵ پێشتر گوتبووی کە باشتر دەبێت گەر ئەپڵ پشتگیری WebGL2 بۆ وێبگەڕەکەی زیاد بکات تاوەکو زووتر خزمەتگوزارییە نەخشەییەکەی بۆ بەردەست بکەین.

لە سەرەتادا، گووگڵ تەکنەلۆژیای Chrome-only Native Client ـی بۆ خزمەتگوزاری نەخشەیی Google Earth بەکاردەهێنا تاوەکو لە وێبگەڕدا کار بە کۆدەکانی ++C بکات، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە سەرەتادا بە تەنها پشتگیری لە وێبگەڕی Google Chrome دەکرد. بەڵام گووگڵ 3 ساڵی ڕابردووی تەرخان کردبوو تاوەکو تەکنەلۆژیاکانی وەک WebAssembly بەکاربهێنێت بۆ کارپێکردنی خزمەتگوزارییەکە لە وێبگەڕەکانی دیکەدا.

خزمەتگوزاری Google Earth تایبەتە بە نیشاندانی ناوچەکانی گۆی زەوی بە شێوەی جیاواز و 3 ڕەهەندی، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2001 ـدا بە شێوەی ئەپڵیکەیشن بەردەستکرا و گەشەپێدانی تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

لێرەوە خزمەتگوزاری Google Earth تاقی بکەوە لە وێبگەڕەکەتدا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ